ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، تاوتوێی کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ کشانەوەی یەکجارەکی.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە گواستییەوە کە گفتوگۆکان سیناریۆی جیاواز لەخۆ دەگرن، لە کەمکردنەوەی هێزەکانەوە تا کشانەوەی تەواو، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکان لەسەر هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و دۆخی تەناهیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە گۆڕانكارییە خێراکانی هەفتەی ڕابردوو و پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، وای کردووە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا گومان لە سوودی مانەوەی سوپاکەی لە سووریا بکات.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی حكوومەتی سووریا بەشێوەیەکی مەترسیدار لەو شوێنانە نزیک بوونەتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکای لێیە، تەنانەت هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە و لە ماوەی 24 سەعاتیشدا هێرش کراوەتە سەر سەربازگەی هەسەدە لەناو بنکەیەک کە هێزی ئەمەریکای تێدایە.
ئەمە لە کاتێکدایە حكوومەتەکەی ئەحمەد شەرع فەرمانی بە هەسەدە کردووە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هاوکات ڕۆژی چوارشەم ئەمەریكا دەستی بە گواستنەوەی نزیکەی حەوت هەزار لە کۆی نۆ هەزار زیندانیی داعش کردووە بۆ عێراق، ئەوەش بەهۆی ترسی هەڵاتنیان.
بەرپرسێک ئاشکرای کردووە هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 200 زیندانی لە زیندانی شەدادی هەڵاتوون دوای کشانەوەی هەسەدە، بەڵام دواتر هێزەکانی سووریا دوای کۆنترۆڵکردنی شوێنەکە گرتوویاننەتەوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن کۆتایی بە ئەرکێکی 10 ساڵەی ئەمەریکا دەهێنێت لە سووریا، کە ساڵی 2014 لەلایەن باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکاوە دەستی پێ کردبوو.


وەڵام بدەوه