سەرۆکی ئەمەریکا بە ئەرێنی باس لە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات، هاوکات بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان ئاشکرای کرد، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پلانە پێشنیازکراوەکە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ کراوە، هەروەها ڕووسیا و ئەمەریکا پلانەکە لە ئەبووزەبی تاوتوێ دەکەن.
سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارەکەیدا لە جەژنی سوپاسگوزاری گوتی: پێم وایە لە ڕێککەوتنی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا زۆر نزیکین، کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
لای خۆییەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا گوتی: ئاشکرایە ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە بە ئاگربەست ڕازی بێت و گفتوگۆ لەبارەی پلانە هەموارکراوەکەی ئەمەریکا بکات.
سەرۆکی فەرەنسا جەختیش دەکاتەوە، نابێت هیچ سنوورێک بۆ قەبارەی سوپای ئۆکرانیا دابنرێت، چونکە دەبێت لە دژی هێرشەکانی ڕووسیا بەرگریی لە خۆی بکات.
هاوکات لەو بارەوە بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە بابەتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، دوایین ڤێرژنی ڕەشنووسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بە بەراورد بە پێشنیازە سەرەتاییەکە زۆر باشترە. گوتی: ئۆکرانیا، ئەمەریکا و ئەورووپییەکان گۆڕانکاری ڕیشەییان لە پلانە پێشنیازکراوەکەدا کردووە و زۆر باشتر کراوە، دەشڵێت: چیتر پلانە 28 خاڵەکە نەماوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش دا، پلانە هەموارکراوەکە ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدات 800,000 سەربازی هەبێت کە دەکاتە نزیکەی هەمان قەبارەی سوپای ئێستا، لە کاتێکدا لە ڕەشنووسی یەکەمدا ژمارەکە بە 600,000 سەرباز سنووردار کرابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، سەبارەت بە بابەتی دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە بەشێک لە خاکەکە، پێویستە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێ بکرێت، کە کیێڤ هەوڵی دەدات ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کە وەک دوا مۆڵەت دانراوە بۆ ڕازیبوون بەو ڕێککەوتنەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.بەرپرسەکە گوتیشی: پێم وایە ڕووسیا و ئەمەریکا ئەو بابەتە لە ئەبووزەبی تاوتوێی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی (فۆکس نیووز)ی ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕازی بووە، کە کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا دەهێنێت. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا هەندێک وردەکاریی بچووکی ڕێککەوتنەکە ماون یەکلا بکرێنەوە.
هەروەها جێف تۆلبێرت، گوتەبێژی سکرتێری سوپای ئەمەریکا "دان دریسکۆڵ"، بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، تیمەکەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە ئەبووزەبی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو بۆ ئۆکرانیا، دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆح و دەقی ئەو لێکتێگەیشتنانە بێت کە لە نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لووتکەی ئالاسکا کرا. هۆشداریشی دا، ئەگەر ڤێرژنی هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانە نەبێت ئەوا ڕووسیا، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەبووزەبی بکەن، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرانبەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد
هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت.
لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.


وەڵام بدەوه