دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریكا، داوای لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە دەستبەجێ کڕینی نەوتی ڕووسیا ڕابگرن و فشاری ئابووریی توند بخەنە سەر چین بەهۆی پارەدارکردنی جەنگی ڕووسیا.
بەپێی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئەیلوول ڕای گەیاندووە، ترەمپ ئەم داواکارییەی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا خستووەتەڕوو. پێوەندییەكە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی گەرەنتییە تەناهییەكان بۆ ئۆکراینا و زیادکردنی فشارەکان لەسەر ڕووسیا بۆ ئەوەی ناچاری بکەن بێتە سەر مێزی گفتوگۆکانی ئاشتی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ، کە لەم دواییانەدا "نائومێدییەکی گەورە"ی بەرانبەر پووتین دەربڕیوە، ڕۆژی چوارشەم ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا کرد ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانی ئاشتی نەداتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
ترەمپ گوتی، هیچ پەیامێکم بۆ سەرۆک پووتین نییە، ئەو هەڵوێستی من دەزانێت و بڕیارێک دەدات. هەر بڕیارێک بدات، یان پێی دڵخۆش دەبین یان نا، ئەگەریش پێی ڕازی نەبین، ئەوا دەبینن شتانێک ڕوودەدەن.
وەڵام بدەوه