بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بە بوونی ڕێککەوتنێک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریكا، کرد سەبارەت بە کەرتی غەززە، هاوکات ئاماژەی بە ئەگەری ڕاگەیاندنی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کرد.
نەتەنیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوزماکس"ـی ئەمەریكی، گوتی، ئەوەی لەنێوان من و سەرۆک ترەمپدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، لە کاتی گونجاودا ئاشکرا دەکرێت.
ناوبراو هیوای خواست لە ماوەی چەند ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنێک و ڕوونی کردەوە، هێشتا نزیکەی 50 بارمتەمان ماوە، 20 کەسیان دەزانین لە ژیاندا ماون، و نزیکەی 30ـی تریان وا دادەنرێت گیانیان لەدەستدابێت.
زیاتر گوتیشی، ئێستا ڕێککەوتنێک هەیە کە بەپێی ئەو، حەماس سەرەتا 10 بارمتە ئازاد دەکات و نزیکەی نیوەی تەرمەکان ڕادەست دەکاتەوە. نەتەنیاهۆ دووپاتی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ گێڕانەوەی هەموو دیلە ماوەکان، چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە.
جێگەی ئاماژەیە، گەڕێكی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ڕۆژی یەکشەمی ڕابردوو لە دەوحە دەستی پێ کرد.سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و لەوێ گەشبینیی خۆی بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نزیک بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دووپاتکردەوە.
وەڵام بدەوه