کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) بڵاویکردەوە، ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە، مۆسکۆ دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکراینا نابێت.
یوری ئۆشانکۆڤ، راوێژکاری کرێملین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "سەرۆکمان گوتی، رووسیا ئەو ئامانجانە بەدەستدێنێت کە دیاریکردوون، واتە هۆکاری ریشەیی دەستپێکردنی ئەم دۆخە [دەبێت چارەسەر بکرێت]. رووسیا دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابێت."
ئۆشانکۆڤ هەروەها گوتی، پووتین بە ترەمپی راگەیاندووە کە "لایەنی رووسی ئامادەیە بەردەوامی بە پڕۆسەی دانوستاندن بدات."
بە گوتەی بەرپرسەکەی کرێملین، پەیوەندییەکەی نێوان هەردوو سەرۆک نزیکەی یەک کاژێری خایاندووە.
بە گوتەی ئۆشانکۆڤ، پووتین جەختی کردووەتەوە کە دەبێت جەنگ و ململانێی ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆتاییان بێ.
ئۆشانکۆڤ دەڵێت: "لە لایەنی رووسیەوە جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی هەموو پرسە ناکۆکییەکان، ململانێکان و دۆخە تەنگژەدارەکان تەنیا بە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی کرایەوە."
وەڵام بدەوه