Kurdistan Press - ترەمپ گەورەترین پیاوی جیهان دەردەکات ترەمپ گەورەترین پیاوی جیهان دەردەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ترەمپ گەورەترین پیاوی جیهان دەردەکات

سەرۆکی ئەمریکا بە دووری نازانێت کە ئیلۆن مەسک، گەورە راوێژکاری پێشووی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێسلا ئەمریکا جێبهێڵێت و "بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی لە ئەفریقای باشوور." تۆمەتباریشی دەکات بەوەی لەسەر هاوکارییە داراییەکانی حکومەتی ئەمریکا دەژی، سەرەڕای ئەوەی مەسک خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و دەوڵەمەندترین کەسی جیهانیشە.

رۆژی سێشەممە 1ی تەممووزی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا مەسکی بە رەچەڵەک ئەفریقای باشووری و خاوەنی وڵاتینامەی ئەمریکی، دەکرێت دیپۆرت بکرێتەوە، گوتی، "نازانم؛ دەبێت تەماشای بکەین."

ترەمپ رایگەیاند، "رەنگە ناچار ببین فەرمانگەی کارامەیی حکومەت (ناسراو بە دۆج و هەمان ئەو فەرمانگەیەی مەسک بۆ 130 رۆژ سەرپەرشتیی کرد)، بخەینە سەر ئیلۆن. دەزانن دۆج چییە؟ دۆج ئەو دڕندەیەیە کە رەنگە ناچار بێت بگەڕێتەوە و سەری ئیلۆن بخوات."

دوو دۆستە دێرینەکەی یەکدی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە هێرشکردنە سەر یەکدی و مەسک رەخنەی تووندی لە پرۆژەیاسای باج و خەرجییەکانی ئیدارەی ترەمپ گرت کە لە لایەن ترەمپەوە ناسناوی "پرۆژەیاسا گەورە جوانەکە"ی لێنراوە.

مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەوانەی بانگەشەیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دەکرد، ئێستا دەنگیان بەم پرۆژەیاسایە داوە و دەبێت دوای ئەوە سەری خۆیان لە شەرمەزاریدا شۆڕ بکەن. ساڵی داهاتووش لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا دەدۆڕێن،" مەبەستی مەسک ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکایە.

پێش ئەو هێرشەی مەسک، ترەمپ هێرشی کردە سەر کارەکانی ئەو سەرمایەدارە، بەتایبەتی بڕی ئەو هاوکارییە داراییانەی حکومەتی ئەمریکا بە کۆمپانیاکانی مەسکی داوە.

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال تروس نووسی، "رەنگە ئیلۆن بە جیاوازییەکی زۆر و زیاتر لە هەر مرۆڤێکی دیکەی مێژوو، هاوکاریی دارایی وەربگرێت و بەبێ هاوکارییە داراییەکانیش، رەنگە ئیلۆن ناچار بێت کارەکانی دابخات و بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی لە ئەفریقای باشوور."

مەسک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پشتگیریی لە بەربژێری کۆمارییەکان کرد، 270 ملیۆنی دۆلاریشی بەخشییە هەڵمەتەکەی. لەبەرامبەردا ترەمپ بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی، کردیە راوێژکاری خۆی و سەرپەرشتیاری فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەی فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت.

دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئایار، مەسک دەستی بە رەخنەگرتن لە پرۆژە یاسای خەرجییەکانی ترەمپ گرت و دواتر ناکۆکییەکان تەقینەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی مەسک لە تۆڕی ئێکس داوای دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ لە ئەمریکا بەناوی "پارتی ئەمریکا" بکات. 

پاش ئەو رەخنە و پێشنیازەش، ترەمپ وەڵامی دایەوە و پێشنیازی کرد فەرمانگەی دۆج، لێکۆڵینەوە لە کارە بازرگانییەکانی مەسک بکات و گوتی: "ئیدی هەڵدانی مووشەک، مانگی دەستکرد، یان بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نامێنێت و وڵاتەکەمان سامانێکی زۆر پاشەکەوت دەکات و رەنگە پێویست بکات وا لە دۆج بکەین بە وردی و جیدی تەماشای ئەمانە بکات." 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه