Kurdistan Press - یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکرا یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکرا

سەنتەری فەلەكناسیی نێودەوڵەتی، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا بەپێوەری فەلەكی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵی دیاری كرد.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بینینی مانگی شەوال لە ئێوارەی ڕۆژی شەموو 29ی ئادار، لە وڵاتانی میسر، ئیمارات، سعوودیە و عێراق زەحمەتە، ئەمەش دەمانخاتە ئەو بڕیارەی كە ڕۆژی دووشەم ببێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

وێڕای بەیاننامەی سەنتەری فەلەكناسی، ئێوارەی سبەی شەموو، لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی دەست بە گەڕان بۆ بینینی مانگ دەكەن، بەڵام لەناویاندا ئەنجوومەنی فەتوای وڵاتی ئوسترالیا لە ئێستەوە بە پشتبەستوو بە زانست، ڕۆژی دووشەمی بۆ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری كرد.

گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت كە لە كوردستاندا تاوەکوو سبەی ئێوارە هیچ بڕیارێک دەربارەی دیاریکردنی جەژنی ڕەمەزان نادرێت، بەڵام سبەی ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای لیژنە لاوەکییەکانییەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چاودێری مانگ دەکەن.

ساڵانە هەرێمی كوردستان بۆ جەژنەكانی ئایینی ئیسلام، پشت دەستەجەمعیی وڵاتانی ئیسلامی دەبەستێت و كاتێك ئەو وڵاتانە، بە تایبەتی سعوودیە بڕیار لەسەر جەژن دەدات، هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ موسڵمانانی جیهاندا پابەند دەبێت.

بەپێی دەقە ئاینییەكان مانگی رەمەزان و بەرۆژووبوون لە ساتی بینینی هیلالی مانگەكە دەست پێ دەكات و لە ساتی دەركەوتنی هیلالی مانگی شەوال كۆتایی دێت و رۆژانی سەرەتای ئەم مانگە دەبێتە جەژنی رەمەزان، كەچی ئێستە ئامرازەكانی فەلەكناسی و تەلەسكۆبەكان ئەوەندە پێشكەوتوون زووتر پێشبینیی كاتی دروستبوون و دەركەوتنی هیلالەكە دەكەن.

دادگای باڵای سعوودیە داوا لە موسڵمان لە تەواوی ئەو وڵاتە دەكات بۆ چاودێریكردنی بینینی هیلالی مانگی شەوال لە ئێوارەی رۆژی شەمووی داهاتوو 29ی مانگی رەمەزان و ئادار، بۆیە ئەوانەی بە چاوی ئاسایی یان بە دووربین دەیبینن، بە نزیكترین دادگای رابگەیەنن، یان پێوەندی بە نزیكترین ناوەندەوە بكەن بۆ یارمەتیدانیان بۆ گەیاندنیان بە نزیكترین دادگا.

لە 11ی ئەم مانگە پەیمانگەی نیشتمانیی توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای میسر، پێشبینیی وادەی بینینی هیلالی مانگی شەوالی كرد، بەوەی هیلالی مانگی شەوال لە سەعات 1:00ی نیوەڕۆ بە كاتی قاهیرە لە رۆژی شەموو 29ی رەمەزان، دەكاتە 29ی ئاداری 2025 لەدایك دەبێت و لە دوای خۆرئاوابوون ماوەی حەوت خولەك بە ئاسمانی شاری مەكە و 11 خولەكیش بە ئاسمانی شاری قاهیرە دەمێنێتەوە، واتە شەوی بینینی مانگ.

پەیمانگەكە سەبارەت بە بینینی هیلالی مانگی شەوال و جەژن لە ناوچەكانی تر گوتی، لەو ناوچانە لە شەوی 29ی ئادار هیلالی مانگی شەوال دەبینرێت، لە مۆریتانیا و مەغریب و جەزائیر و توونس و لیبیا و سوودان و توركیا و ئوردن و سووریا و ئێران و سعوودیە و فەلەستین و عێراق و كوێت و باشووری ئەفریقیا و بەحرێن و قەتەر و ئیمارات و عەمان و پاكستان و ئەندەنووسیا و ئەمەریكا و بەریتانیا و رووسیا و پیڕۆ و بەرازیل.

بەو پێیەش رۆژی یەكشەم 30ی ئاداری 2025 دەبێتە سەرەتای مانگی شەوال و یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه