لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا گۆڕا، ئەمەریكا لە هەندێك بابەتی پێوەست بە ئابووری و دارایی هیچ جیاوازییەك لە نێوان نەیار و هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ناكات، ئێستە ئەوروپییەكان بە جوانی هەست بە لاوازیی خۆیان بەرانبەر بە رووسیا بێ پاڵپشتیی ئەمەریكا دەكەن، سەرۆكی فڕەنسا دووپاتی كردەوە كە ترەمپ هاوپەیمانی ناتۆی لاواز كردووە و پێویستیان بە 10 ساڵە بۆ رزگاربوون لە كاریگەرییەكانی ئەمەریكا.
ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا لە دیدارێكی رۆژنامەی "لوفیگارۆ"ی فڕەنسی گوتی، چیتر ئەوروپاییەكان ناتوانن وەك پێشوو پشت بە هاوپەیمانی ناتۆ ببەستن، سەرۆكی ئەمەریكا هاوپەیمانیەتییەكەی لاواز كردووە، بۆیە پێویستیمان بە 10 ساڵ هەیە بۆ رزگاربوونی لە كاریگەرییەكانی ئەمەریكا لە رێگەی وەبەرهێنانێكی گەورەی ناوخۆیی و ئەوروپایی.
لە دوای ناكۆكیی قووڵی هەینی رابردوو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكیا و ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا سەبارەت بە شەڕی لەگەڵ رووسیا و پێویستیی سازشكردن، وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لەوە هەیە ئەمەریكا پاڵپشتیی دارایی و سەربازی بۆ ئۆكرانیا بوەستێنێت، ئەوەش وای كرد بەریتانیا لووتكەیەكی 18 دەوڵەتی ئەوروپی بۆ پاڵپشتیكردنی لە كیێڤ ساز بكات.
لە لووتكە ئەوروپییەكە كە بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ لە لەندەن ساز كرا، چەند پێشنیازێكی بە پەلەی ئەوروپی خرایە روو، لەوانە پێشنیازێكی فڕەنسی بەریتانی بۆ ئاگربەستێكی كاتی بۆ ماوەی مانگێك لە ئۆكراینا، كە هەموو بوارەكانی ئاسمانی و دەریایی و وێستگەكانی وزە بگرێتەوە، جیا لە پێشنیازی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێك بۆ وڵاتانی دەیانەوێ بەرگری لە رێككەوتنێكی ئاشتی لە ئۆكراینا بكەن، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی گۆڕانكاری لە هەڵوێستی ئەمەریكا.
وەڵام بدەوه