چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتایی بە مشتومڕەکان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعی دەهێنێت و ڕەتی دەكاتەوە ئەم بابەتە لەبنەڕەتدا لەناو هاوپەیمانیی شیعەدا باس كرابێت، بەڵام هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە كردووە، جیاوازیی بۆچوون لەناو چوارچێوەدا لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشد، یان تێكەڵكردنی بە سوپای عێراق، یاخود یەكخستنی گرووپەكانی بەرەی مقاوەمەوە هەیە.
پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتی کردەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییانەدا باسیان لە تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری کردبێت.
بەشی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند: "هەندێک پێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای ناوخۆیی هەواڵی ناڕاستیان بڵاو کردووەتەوە، بە بانگەشەی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی دوایی چوارچێوەدا، گفتوگۆ لەسەر داواکاریی کشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە دیاریکراوەکان، یان تێکەڵکردنی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری کراوە، بەڵام ئەم بابەتە لەبنەڕەتدا لەناو هاوپەیمانیی شیعەدا باس نەكراوە."
بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوەی میدیای عێراقی، لەوانە رۆژنامەی (ئەلمەدا)، لە كۆبوونەوەكاندا، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری داوە دەست بکات بە (یەکخستنی حەشد)، لەوانە ئەو گرووپانەی کە خۆیان ناو ناوە بەرگریی عێراقی (بەرەی مقاوەمە).
بەڵام بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان، نە حەشد هەڵدەوەشێنرێتەوە، نە تێكەڵ بە سوپای عێراق دەكرێن، وەكوو هەندێ سەرچاوە ئاماژەیان پێی داوە، ئەوە لەلای چوارچێوەی هەماهەنگی كۆتایی هاتووە.
لەلایەكی دیكەوە، زانیارییەک ئاماژە بەوە دەکات کە نکۆڵیکردنی چوارچێوە لە گفتوگۆكردن لەسەر (یەکخستنی حەشد) بەهۆی جیاوازیی دیدگاکانە لەناو هاوپەیمانیی شیعەدا لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ڕۆژئاوا، هەروەكوو چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو، دوای وەرگرتنی دەسەڵات بەفەرمی لە هەفتەی داهاتوو، بەهۆی پەیوەندیی بەردەوامی عێراق لەگەڵ ئێران، سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.
هاوكات پێشبینی دەکرێت، سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەریتانیا، بەشێكی پەیوەندیی بە پرسی گرووپەکان و حەشدی شەعبییەوە هەبێت.
وەڵام بدەوه