بەرپرسێكی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا، كایا كالاس، دەڵێت: لە بەرژەوەندیی ئەمریكا نییە ڕووسیا ببێتە زلهێزێك لە جیهاندا.
ئەو بەرپرسەی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی 1ی 2025، ڕایگەیاندووە: یەكێتیی ئەورووپا ئامادەی هاوكاری و پشتیوانیی سەربازییە بۆ ئۆكراینا، ئەگەر بێت و ئەمریكا بەو كارە هەڵنەستێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە تەنیا 11 ڕۆژ ماوە دۆناڵد ترەمپ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا وەرگرێت.
كالاس دەڵێ: متمانەمان بەوە هەیە ئەمریكا لەسەر هاوكارییەكانی بۆ ئۆكراینا بەردەوام بێت، چونكە ناسنامەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەرچییەك بێت، ئەوە نەگۆڕە كە زلهێزبوونی ڕووسیا لە بەرژەوەندیی ئەمریكادا نییە.
كەناڵی فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، ڤلادمێر زێلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا ڕایگەیاندووە: بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ڕۆژاوا لە ئۆكراینا، هاوكاریی ئەوە دەكات ڕووسیا بە بە ئاشتی ڕازی بێت. گوتووشیەتی: بڵاوبوونەوەی هێزی هاوپەیمانانی كیێڤ باشترین ئامرازە بۆ ناچاركردنی ڕووسیا بە ئاشتی.
نیگەرانییەكانی ئۆكراینا و یەكێتیی ئەورووپا بەهۆی ئەوەوە دروست بووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریكا، بەڵێنی ئەوەی داوە ئاشتی بۆ جیهان بگەڕێنێتەوە و شەڕەكانی ناوچە جیاجیاكانی وڵاتان ڕاگرێت، كە ئەمە مەترسیی ئەوەی لێ دەكرێت فشار بۆ ئۆكراینا بێنێت سازش لە چەند بەرژەوەندییەك بۆ ڕووسیا بكات.
لە 21ی شوباتی 2022، سوپای ڕووسیا هێرشی بەرەو ئۆكراینا كرد و ناوچەیەكی فراوانی لەو وڵاتە داگیر كرد، بەڵام ئۆكراینا بە هاوكاریی ئەورووپا و ئەمریكا بەرگریی كرد و چەند ناوچەیەكی لە ڕووسیا سەندەوە، بەوەش شەڕی نێوانیان لە سێ ساڵ نزیك دەبێتەوە و بەردەوام پێكدادان و شەڕ هەیە.
وەڵام بدەوه