KurdistanPress...

CLOSE

پەیامی نوێی ئەمریکا بۆ هەرێم گەیشت

دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 20ی تشرینی یەكەمی رابردوو هاتە سازكردن، ئەنجامەكان گەیشتنە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و چاوەڕوان دەكرێت وادوەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دیاری بكرێت و گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەست پێ بكات، لەو ناوەدا باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق داوای پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز دەكات.

ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لەوبارەوە گوتی، ستایشی رەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بەرجەستەی رێوشوێنە دیموكراسییەكانی كرد و رێژەیەكی كەمی دەستوەردانی تیادا هەبوو، ئەوانیش رەت كرانەوە یان تانەیان لێ درا، رێژەی بەشداریكردن بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیاتر بووو ئەنجامەكەشی رەنگدانەوەی بۆچوونی جیاوازی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان كرد.

زیاتر گوتی، پرۆسەی هەڵبژاردن دوو رووی هەیە، یەكەمیان رێكخستنی پرۆسەكە و ئەنجامدانی، كە سەركەوتووانە تەواو بوو، دووەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بەشێوەیەك بەرجەستەی خواستی هاووڵاتییانی كوردستان بكات، ئەوانەی رۆڵی خۆیان بینی و لە رێگەی سندووقەكانی دەنگدانەوە بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

باڵوێزی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، ئێستە تەواوەی بەرپرسیارەتییەكە كەوتووەتە ئەستۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، كە رەنگە زەحمەتییەكە لێرەدا بێت، بەتایبەتی لەناو دۆخێكی بێمتمانەیی لە نێوان حزبەكان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵام ئێمە هەموو حزبە سیاسییەكان لە هەرێم هان دەدەین بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی خزمەتگوزاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی و گەلی كورد بە زووترین كات.  

رۆمانۆوسكی ئاماژەی كرد، گەلی كورد پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێزە، گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی پێوەست بە كەرتەكانی دارایی و وزە پێویستیان بە بوونی حكوومەتێكی بەهێزە بۆ گەیشتن بە بڕیاری یەكلاكەرەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی بەغدا و هەولێرە، تا گەیشتن بە راستكردنەوەی رەوتی كار لە نێوان هەردوولا، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و بێ دواكەوتن زۆر گرنگە، چونكە بەهێزیی هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی بەهێزیی حكوومەتی فیدراڵی، بەتایبەتی كە عێراق لە سەروبەندی هەڵبژاردنی گشتییە لە ساڵی داهاتوو.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه