دادگای نێودەوڵەتیی لاهای بڕیاری گرتنی بۆ هەر یەک لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل و محەمەد دیاب میسری ناسراو بە زەیف، فەرماندەی کوژراوی حەماس دەرکرد.
بڕیارەکەی ئەمڕۆکە لە لایەن کەریم خان داواکاری باڵای دادگای نێودەوڵەتیی لاهای دەرچووە و سوپای ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە جەنگی غەزە تۆمەتبار کردووە. هاوکات گرووپی توندڕەوی حەماسی بە تۆمەتی هیرشکردنە سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.
حەماس لە لایەن یەکیتی ئەوروپا و ئەمەریکا بە گرووپێکی تیرۆریستی ناودەبرێت. کەریم خان بەهاری ئەمساڵ داوای لە تیمی دادوەریی دادگاکە کردبوو لەبارەی حوکمی گرتنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و حەماس رەزامەندی بفەرموون.
کەریم خان دەیویست حوکمی گرتن بۆ ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سینواریش دەربکات بەڵام هەر دووکیان کوژراون. ئیسرائیل دەڵێت زەیفیش کوژراوە بەڵام حەماس رەتی کردووەتەوە.
نەتەنیاهۆ پێشتریش دەرچوونی هەر جۆرە حوکمێک لە لایەن ئەو دادگایەی رەت کردووەتەوە و پێی وایە لەبەرانبەر تیرۆردا بەرگری لە خۆیان دەکەن.
یەکەم جارە لە میژوودا دادگایەکەی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان حوکم لە دژی رێبەرانی وڵاتێک دەردەکات کە بە وڵاتێکی دیموکراتیک دادەنرێت.
وەڵام بدەوه