راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی پێی وایە دوای كشانەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لە كێبەركێی سەرۆكایەتی، یاساكانی یارییەكە گۆڕان و ئێستە چانسی دۆناڵد ترەمپ لە كامالا هاریس زیاترە، بۆیە ترەمپ كێبەركێكە دەباتەوە.
زیاتر گوتی، هاریس هۆكارێكی زیاتری بۆ جۆشدانی بنكەی جەماوەریی دیموكراتەكان فەراهەم كرد، بەڵام كێشەی ئەو سیاسەتەكانی بایدنە كە پاڵپشتیی جەماوەریان نەبوو، پێشم وایە كۆمارییەكان بە توندی پاڵپشتی لە ترەمپ و جێگرەكەی دەكەن و بە باشی خۆیان ساز داوە، بە شێوەیەك هاریس ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە، بۆیە ئەگەرەكان لە بەرژەوەندی ترەمپن.
سەبارەت بە شایستەیی سەرۆكایەتیی ئەوان بۆڵتن گوتی، تا ئێستە ترەمپ شایستەی سەرۆكایەتی نییە، بەڵام هاریس ئەو پاشخانەی نییە و هیچ شارەزاییەكی لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا نییە، ئامادەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بووە، بەڵام هیچ گرنگییەكی پێ نەداوە، ئەوەش مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە، چونكە ئێمە لەناو دنیایەكی مەترسیدارین و لە سایەی رووداوەكان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەری ئۆكراینا و هەڕەشەكانی چین، بوونی كەسێك كە شارەزایی لە سیاسەتی دەرەوە نەبێت كێشەیەكی راستەقینەیە.
سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران و میلیشیاكانی گوتی، تا ئێستە تاران ستراتیجیەتی پشتێنەی ئاگرین لەگەڵ ئیسرائیل پێڕەو دەكات، مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی نوێی ئێران بڕیاری بە دەست نییە و تەنیا بەرپرسێكی ئیدارییە، تا ئێستە ئیسرائیل حەماسی لەناو نەبردووە و هەڕەشەكانی حزبوڵا بەردەوامن و حوسییەكانیش رێگری لە كەشتییەكان لە دەریای سوور دەكەن، هاوكات ئێران لە بەهێزكردنی باڵەكانی لە ناوچەكە بەردەوامە و زیاتر لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نزیك دەبێتەوە، بۆیە تا ئێستە هەڕەشەی ئێران بەردەوامە و بە تێپەڕبوونی كات بوێریان زیاتر بووە.
وەڵام بدەوه