وا دیارە تەمەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) وەکوو چەکێکی تەکنەلۆژیای مۆدێرن زۆر درێژ نابێت و چیدی وەکوو فڕندەیەکی مەترسیدار، بە غروورەوە بە ئاسماندا نافڕێت.
لە هەواڵێكی (بی بی سی)دا هاتووە، بە گوێرەی ئەوەی زانایانی تاقیگەیەکی زۆر نهێنی و بەرگریی زانستی ناسراو بە (پۆرتۆن داون) کە دامەزراوەکە لە ناوچەی ویلتشیر لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرایە، تیشکی لێزەریان وەکوو جێگرەوەیەکی هەرزان بۆ (سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی تەقلیدی و گرانبەها) دروست کردووە، کە تێچووەکەی تەنیا نرخی پاکەتێک جگەرەیە!
بە گوێرەی دامەزراوەکە، لە تاقیکردنەوەیەکی ئەو چەکە نوێییەی بەکار هێنراوە، پۆلێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە ئامانج و لە ماوەی چرکەیەکدا چەکە بەرگرییە نوێیەکە، تیشکی وزەی لێزەری ئاڕاستەی ئامانجەکان کردووە و سووتاندوونی.
بەپێی زانیارییەكان، چەکەکە ئۆتۆماتیکییە و توانای پێکان و خستنەخوارەوەی هەموو تەنێکی هەیە کە لە ئاسمانەوە دێن، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
هەرچەندە بەکارهێنانی ئەو چەکە و کاتی نماییشکردنی بەنهێنی ماوەتەوە، بەڵام زانایانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، شانازی بە دروستکردنی ئەو چەکەوە دەکەن، دوای ئەوەی لەلایەن سوپاوەوە تاقی کرایەوە کە پێشکەوتووترین چەکی بەرگریی مۆدێرنە. تا ئەو ڕادەیەی دکتۆر پۆل هۆڵینسهێد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تاقیگەی زانستیی بەرگری DSTL، کە ئەویش بەشێکە لە Burton Down، پێشبینی ئەوەی کرد کە چەکی لێزەریی (دراگۆن فایەر - ئاگری ئەژدیها) زووتر لەوەی خەڵک بیری لێ دەکەنەوە، لە مەیدانی جەنگدا بەکار دەهێنرێت.
دامەزراوەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتی تاقیکردنەوەی چەکەکەدا، تیشکی لێزەر بە توانای 15 کیلۆوات کۆمەڵێک ئامانجی لە دووریی یەک کیلۆمەتر تێکشکاندووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، چەکەکە لەسەر ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی جێگیر دانراوە، کە مۆدێلی وۆڵفهاوندە و دروستکراوی بەریتانیایە.
هەروەها زانایان دڵنیاییان داوە لەوەی کە دەتوانرێت کێشی سیستەمی لێزەریی (دراگۆن فایەر) کەم بکرێتەوە و سووکتر بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەسەر هەر تانکێک، یان ئۆتۆمبێلێکی هاوشێوە دابمەزرێندرێت.
ئەم سیستەمە بۆ بەکارهێنانی، پێویستی بە دوو کەس هەیە و بۆ هەر لێدانێک تەنیا 10 پێنس وزەی تێدەچێت، (10 پاوەندی بەریتانی) تێچووی خستنەخوارەوەی هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە.
هەروەها بەراورد بە مووشەکی بەناوبانگی پاتریۆتی ئەمریکی، کە هێزەکانی ئۆکراینا بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەكانی ڕووسیا بەکاری دەهێنن، زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام ئەو چەکە کە بە (پرۆژەی سوینتۆن) ناسراوە، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ئۆکراینا، تاقیکردنەوەی زیاتری بۆ دەکرێت.
بە گوێرەی دامەزراوەکە، بڕیارە لە ساڵی 2027 دراگۆن فایەر وەک چەکێک لە پرۆسەیەکدا لە جەنگەگاندا بەکار بهێندرێت، کە تیشکی لێزەری بۆ سووتاندنی هەر تەنێكی فڕیو، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کە شارەزایان بە لکاندنی کانزا بەراوردی دەکەن، بەڵام لە دوورەوە.
بە گوێرەی دامەزراوەکە، ئەم چەکە لەسەر خانووی ماڵان و ئۆتۆمبێل و کەشتییەکان دادامەزرێنرێت، بۆ پاراستنیان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
وەڵام بدەوه