هەواڵێكی (سكانیوزی عەرەبی) دەمێك لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆكەخانەی دبلن لە ئێرلەندا، بە میدیاكانی راگەیاندووە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی قەتەڕی كە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەڕەوە بەرەو ئیرلەندا بەڕێوە بوو، لە ئەنجامی ئەوەی فڕۆكەكە تووشی تاسەهەوایی توند بووە و هەژیوە لە ئاسماندا 12 سەرنشین بریندار بوون، بەڵام خۆشبەختانە فڕۆكەكە بە سەلامەتی و لە كاتی خۆیدا لە فڕۆكەخانەی دبلن نیشتووەتەوە.
روونیشی كردەوە كە گەشتەكە بە ناو و ژمارەی (كیو ئاڕ 017) بە فڕۆكەی بۆینگ 787 دریملاینەر، بووە و كاتژمێر 12:00 بە كاتی گرینیج نیشتەوە.
بە قسەی سەرنشینان، رووداوەكە لە ئاسمانی توركیادا تەنیا 20 چركەی خایاندووە و لەو كاتەدا رووی داوە كە لەنێو فڕۆكەكەدا ژەمەخواردن دابەش كراوە، بۆیە شەش لە برینداران ستافی فڕۆكەكەن و شەشەكەی دیكە، گەشتیارن.
جێی باسە چەند رۆژێك لەمەوبەریش، بە هەمان شێوە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی سەنگافووری تووشی رووداوێكی هاوشێوە بوو، یەكێك لە سەرنشینان كە تەمەنی 71 ساڵ بوو، گیانی لەدەست دا و 20 سەرنشینی تر بریندار بوون، بۆیە فڕۆكەكە بەناچاری لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بانكۆك نیشتەوە.
وەڵام بدەوه