ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی ئایاری 2024) جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەمیانەی پێشکەشکردنی دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، عێراق وڵاتێکە کە دەرفەتی زۆر باشی هەیە بەهۆی ئەو هەڵکەوتە جوگرافییەی کە هەیەتی.
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دەڵێت: عێراق وڵاتێکی زۆر جیاوازە لە 20 ساڵ لەمەوپێش، عێراق هەڵدەستێتەوە و هەنگاوی باش دەنێت، بەڵام هێشتا ئاڵنگاری تێدایە و دامەزراوەکانی وەک پیویست نین، دەبێت گۆڕانێک لە عێراق بکرێت.
باسی لەوەش کرد، لە عێراق گەندەڵی و دەستوەردانی سەربازیی و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەیە، حکوومەت بەردەوامە بۆ نەهێشتنی ئەم دەستوەردانە بەڵام کاتی دەوێت، بێبەری کردنی هەندێک لە پێکهاتەکان هێشتا لە عێراق هەیە، ئەو سیاسەتەی هەیە لە بەرژەونەی توێژێکی کۆمەڵگەدایە.
پلاسخارت، ئاماژەی بەوە دا، زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە تاوانبارن بە کردەی تیرۆرستی لە عێراق ماییەی نیگەرانییە، دەبێت ئاسایشی خەڵکی و مافیان پارێزراو بێت و دەبێت عێراق پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵتییانەی کە مۆری کردوون و دەبێت پێیانەوە پابەند بێت.
هاوکات دەشڵێت: دەبێت هێشتا هاوکاریی ژنان بکرێن و بێنە پێشەوە وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت و دەمانەوێت عێراق بەسەر ئاڵنگارییەکان زاڵ بێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق، جینین پلاسخارت، گوتی: لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق پارێزگاری زۆرینەی پارێزگاکان هەڵبژێردران، بەڵام تا ئێستە پارێزگاری پارێزگەکانیکەرکووک و دیالە هەڵنەبژێردراون، ئەمەش شتێکی سەروڕهێنەر نییە و دەکرێت بە لێکگەیشتن و سازشی سیاسی چارە بکرێت.
سەبارەت بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ناوبراو ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ سەرۆکێک بۆ پەرلەمانی عێراق دیاری نەکراوە، هەندێک هۆ هەن ئەویش جیاوازیی نێوان سوننەکانە، گرنگە ئێستا سەرۆکێک هەڵبژێردرێت، خوازیارین لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی دیاری بکرێت.
جینین پلاسخارت، باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و دەڵێت: یەکێک لە پارتەکان نیگەرانی هەبوو بڕیاری دا بەشداریی لە هەڵبژاردن نەکات؛ بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی ڕوون و گشتگیر بەڕێوە بچێت و هەمووان تێیدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی شەرعییەت بدرێتەوە بە دامەزراوەکان، هیوادارم لە چەند رۆژی داهاتوو وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت و لە چوار مانگی داهاتوو تێپەڕ نەکات، بەو مەرجەی کورسیی کۆتاکانیش بۆ پێکهاتەکان بگەڕێتەوە.
لەبارەی دۆخی شنگال، نوێنەری تایبەتیی سکرتێریی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ڕوونی کردەوە، شنگال تا ئێستا وێرانەیە و ڕێککەوتنامەی شنگالیش جێبەجێ نەکراوە، ئاوارەکان دەیانەوێت کێشەکان چارە بکرێن و بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، گرنگە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت.
پلاسخارت دووپاتی کردەوە، ئێستا هەواڵی خۆش ئەوەیە عێراق نایەوێت بکەوێتە ناو ململانێیەکی ناوخۆیی، وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی باسی کردووە دەبێت عێراق دور بخرێتەوە لە دەستوەردانی دەرەکی و دۆخی ناوخۆیش کۆنترۆڵ بکرێت، عێراق ڕێگە نادات گرووپی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی هەبن، بەڵام دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە.
وەڵام بدەوه