کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازینیکای بەریتانی بەرهەمهێنەری ڤاکسینی (ڤاکسیڤێریا) کە یەکێکە لە ڤاکسینەکانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید - 19)، بڕیاریدا ڤاکسینەکانی لە بازاڕەکان بکێشێتەوە و هۆکارەکەشی بۆ بازرگانی دەرمان گەڕاندەوە.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ڤاکسینی ڤاکسێڤێریا لە بازاڕەکان دەکێشێتەوە کە یەکێکە لەو ڤاکسینانەی لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەرهەمهێنراوە. هۆکاری کشاندنەوەکەشی بۆ بازرگانیی دەرمان و زۆری ژمارەکانی ڤاکسینەکە لە بازاڕەکانی دەرمان گەڕاندووەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری گوتەبێژی کۆمپانیای ئەسترازینیکا بڵاویکردووەتەوە و گوایە، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ڤاکسینە پەرەپێدراوەکانی کۆڤید-19 لە بازاڕەکاندا هەن، هەر بۆیە بڕیاریانداوە ڤاکسینەکانی ڤاکسیڤێریا کە ژمارەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە لە بازاڕەکان بکێشێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کۆتایی مانگی ڕابردوو کۆمپانیای ئەسترازینیکا بۆ یەکەمجار دانینا بەوەی ئەو ڤاکسینەی بۆ پەتای کۆرۆنا بەرهەمی هێناوە کاریگەری لاوەکیی هەیە و ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لێکەوتەی نەرێنی هەبێت. بەمەش کۆمپانیاکە لە ئاستی جیهاندا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ڕەخنە بووەتەوە.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان یەکێک لەو لێکەوتە نەرێنییەی لە دوای وەرگرتنی ڤاکسینی ئەسترازینیکا، دەبێتە هۆی خوێن مەیین و جەڵتە، ئەمەش لە ئاستی جیهانی لە نێو بەکارهێنەرانی ڤاکسینەکە نیگەرانییەکی زۆری بڵاوکردەوە، بە تایبەت لە میسر بەهۆی ئەوەی زۆرترین کەس لە هاووڵاتییانی میسر ئەو جۆرە ڤاکسینەیان بەکارهێناوە.
هەر لە بارەی لێکەوتە ئەرێنییەکانی ڤاکسینەکە، دکتۆر ئەمجەد حەداد، سەرۆکی بەشی هەستیاریی و بەرگری جەستە لە دەستەی پێدانی ڤاکسین و دەرمان لە میسر ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە و هەموو کەسێک بیزانێت کە هیچ ڤاکسینێک نییە لێکەوتەی نەرێنی و لاوەکی نەبێت، ناشکرێت نکۆڵی بکرێت لەوەی ڤاکسینەکان بە درێژایی سەردەمەکان چەندین پەتایان لەناوبردووە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر بەراوردکارییەک لە نێوان شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شەپۆلی یەکەم بکەین کە ڕێژی مردن بەهۆی ڤاکسینەکانەوە چەند کەمی کردووە، ئەوە دەرخەری گرنگی و کاریگەریی ڤاکسینەکانە، هەر بۆیە کاریگەریی و سەرکەوتنی ڤاکسینەکان لە سەر کەم کردنەوەی مردن بە کۆرۆنا، دەستکەوتێکی زانستی پزیشکییە بەبێ گوێدانە جۆری ڤاکسینەکان.
دکتۆر ئەمجەد حەداد دەشڵێت: لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤاکسینی ئەسترازینیکا لە سەر بەکارهێنەرانی ڕێژەیەکی زۆر کەمە و جێگەی مەترسی نییە.
کۆمپانیای ئەسترازینیکا دووەم گەورەترین کۆمپانیای بەریتانیایە و قەبارەی بە بازاڕکردنی زیاتر لە 170 ملیار پاوەندە .
وەڵام بدەوه