رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا، برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئامۆس هۆکستین، گەورە راوێژكارى سهرۆكى ئهمهريكا بۆ كاروبارى وزه و وهبهرهێنان کۆبووەوە.
جەیک سولیڤان: هاوکاری و پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ کوردستانێکی بەهێز بەردەوام دەبێ
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ جەیک سولیڤان نووسیویەتی: "سوپاسی جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکام کرد بۆ پشتیوانیی کۆشکی سپی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان. هەروەها ئاماژەمان بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵیی لە عێراق کرد".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، سەرۆک جۆ بایدن سڵاو و رێزی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت هەیە و پشتیوانیی کۆشکی سپیشی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپاتکردەوە".
هەروەها کۆشکی سپی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردووە: جەیک سولیڤان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشی درێژخایەنی نێوان کوردستان و ئەمهریکا دەربڕی، هاوکات جەختی لەوەش کرد کە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ کوردستانێکی بەهێز و بەتوانا لەڕووی ئابوورییەوە بەردەوام دەبێت، هەر وەک چۆن لە دەستووری عێراقدا ئاماژەش به بوونی ههرێمێكی بههێز كراوه.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و برێت مەکگۆرک:جەخت لەسەر رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێم دەکەنەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا نووسیویەتی: "لەگەڵ برێت مەکگۆرک، بیروڕامان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرد و هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێم و پاراستنی مافی پێکهاتەکان"
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و برێت مەکگۆرک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردووەتەوە کە هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵی هەرێم و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامۆس هۆکستین: گرنگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەستپێبکاتەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە راوێژكارى سهرۆكى ئهمهريكا بۆ كاروبارى وزه و وهبهرهێنان نووسیویەتی: "هاوڕابووین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کات و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەتایبەتی لە بواری وزە و وەبەرهێناندا".
هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامۆس هۆکستین، گەورە راوێژكارى سهرۆكى ئهمهريكا بۆ كاروبارى وزه و وهبهرهێنان ئاماژەی بەوەکردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرا، بەتایبەتی لە بواری وزە و وەبەرهێناندا".
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا و جەخت لە گرنگیی پێشخستنیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان کرایەوە".
وەڵام بدەوه