وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەخت لەوە دەكاتەوە كە میلیشیاكان سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن و سەربەخۆییەكەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لێدوانێكی ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتەكەی بڵاو كردەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە.
هەروەك ڕوون كراوەتەوە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنەی هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و زنجیرە هێرشەكانی سەر هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق و سووریا كردووە كە لە چەند هەفتەی رابردوودا كراوەتە سەریان. هاوكات پێشوازیشی لە راگەیاندراوێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە كە هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكای بە ”كردەوەی تیرۆریستی“ ناساندووە و بەڵێنی داوە لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەكە بكات.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رای گەیاندووە كە ئەو میلیشیایانە سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن و سەربەخۆییەكەی دەخەنە مەترسییەوە. هەروەك گوتوویەتی: ”میلیشیاكان بە پشتیوانیی ئێران“ ئەو كارانە دەكەن.
هەر لەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریان داوە كە لە ڕۆژ و هەفتەكانی داهاتوودا لە پەیوەندییەكی نزیكدا بمێننەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەستی پێكردووە، بەردەوام میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبی هێرشی مووشەكی و درۆنی بۆمبڕێژكراو دەكەنە سەر بنكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، تاوەكوو ئێستاش حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە ڕێگە لە هێرشەكان بگرێت یان هیچ كەسێك لەسەر ئەم كردەوانە دەستگیر بكات
وەڵام بدەوه