ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر داوای جۆ بایدن، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتەوە.
بە گوتەی میلەر، سەردانەکە رۆژی هەینی 3-11-2023 دەستپێدەکات و سەرەتا دەچێتە ئیسرائیل و دواتریش سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندیی بە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کردووە و پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە و پێی گوت "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵام دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت ئازاری خەڵکی سڤیل نەدەن".
بلینکن پاشان چووەتە بارەگای کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن، لەوێ تاوتوێی دۆخی پاش جەنگی فەلەستین و ئیسرائیلی کردووە. بلینکن ئاماژەی بەوەداوە کە "دوای کۆتاییهاتنی گرژییەکان، پێویستە دەسەڵاتی فەلەستین کەرتی غەززە لە حەماس وەربگرێتەوە کە لە ساڵی 2007ـەوە ئەو گرووپە حوکمی ئەو کەرتە دەکات".
لەماوەی سەردانەکەی بلینکن بۆ کۆنگرێس، چەندین خۆپێشاندەری لایەنگری فەلەستین خۆیان گەیاندووەتە نێو بارەگاکە و بە درووشمەکانی "ئاگربەست رابگەیێنن"، "فەلەستینییەکان ئاژەڵ نین" و "شەرمە بۆ هەمووتان" هاواریان کردووە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی کۆنگرێسەوە براونەتە دەرەوە.
هەمان رۆژ، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن لەگەڵ شا عەبدوڵڵای ئوردن بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسی چەند رێگەیەکیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژییەکان و کپکردنەوەی شەڕەکە. جیا لەوە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە نابێت هاووڵاتییانی فەلەستینی ئاوارەببن. هەروەها، ئەمریکا پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ شا عەبدوڵڵا و سەروەریی ئوردن دەربڕیوە.
پێشتر لە 12-10-2023 و پێنج رۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕ، بە پەیامی "پاڵپشتی و هاودەنگی" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی ئیسرائیلی کرد، پاشان لەماوەی چوار رۆژدا سەردانی هەریەک لە ئوردن، قەتەر، بەحرەین، ئیمارات، سعودیە و میسری کرد. دوای ئەویش سەرۆکی ئەمریکا بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل نیشتەوە و باوەشی بە بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دا کرد و گوتی "ئەمریکا لەگەڵتانە.
دوای دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، چەندین سەرکردەی جیهانی وەک ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی تەلئەڤیڤیان کرد بۆ دەربڕینی پاڵپشتییەکانیان بۆ ئیسرائیل.
26 رۆژە ئاگری شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین دانەمرکاوەتەوە، تائێستا 8 هەزار و 641 کەس لە فەلەستین و هەزار و 405 کەسیش لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن، هەروەها لانیکەم 29 هەزار کەس لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و ئیسرائیل برینداربوونە.
وەڵام بدەوه