په‌رله‌مانتارێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئۆكرانی له پارتی هاوسۆزی ئه‌وروپی، به‌ناوی ڤۆلۆدیمیر ئاریێڤ، باس له‌وه ده‌كات، هێشتا متمانه‌ی به‌وه هه‌یه په‌رله‌مانی وڵات له كیێڤی پایته‌خت بتوانێت كۆببێته‌وه و دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت، باس له‌وه‌ش ده‌كات هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆری په‌رله‌مانتاران له پایته‌خت ماون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیپلۆماتكاره ئه‌وروپییه‌كان، هاوشێوه‌ی هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كانیان ئاماده‌كاری بۆ پشتیوانی حكومه‌تی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش دوای كه‌وتنی كیێڤ یان كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسه‌كانه‌وه، وه‌ك له راپۆرتی واشنتن پۆست‌دا هاتووه، دیپلۆماتكارێكی ئه‌وروپی ده‌ڵێت: "هێشتا هیچ پلانێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵام ئاماده‌ین به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به خێرایی پشتیوانی حكومه‌تی ئۆكرانی بكه‌ن"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له ماوه‌ی ئه‌زموونی خۆمان ئه‌وه گرنگه بزانین كه (كیێڤ) پشتیوانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه".
سه‌ركرده‌كانی رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، سه‌رسامی خۆیان به گیانی مه‌عنه‌وی هێزه‌كانی ئۆكرانیا نیشانداوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا وایده‌بینن توانای خۆڕاگرتنیان به‌رامبه‌ر به رووسیا "بێ‌سنوور نییه"، به‌تایبه‌تیش دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌گی چه‌ك، له كاتێكدا سوپای رووسیا به‌رده‌وامه له پێشڕه‌ویكردن و گه‌مارۆدانی شاره گه‌وره‌كان.
دابینكردنی سه‌ركردایه‌تییه‌كی جێگره‌وه
لای خۆیه‌وه رۆژنامه‌ی "نیویۆك تایمز"ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، حكومه‌ته‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا كه هاوپه‌یمانی ئۆكرانیان، به دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن سه‌ركردایه‌تییه‌كی كاتی و جێگره‌وه بۆ ئۆكرانیا دابین بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش له حاڵه‌تی ده‌ستگیركردن یان كوژرانی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی له‌لایه‌ن رووسیاوه، به‌و پێیه‌ی زیلینسكی له سه‌ره‌تاوه گوتوویه‌تی: "ئامانجی مۆسكۆ له‌و شه‌ڕه‌دا منم".
هۆكاری بیركردنه‌وه له‌و سه‌ركردایه‌تییه به‌دیله ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر رووسیا ته‌واوی ئۆكرانیاش كۆنتڕۆڵ بكات و سه‌ركردایه‌تییش بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی وڵات پێكبهێنێت، ئه‌وان سه‌ركردایه‌تییه‌كی بێلایه‌نیان هه‌بێت و پشتیوانی لێبكه‌ن، به‌و جۆره‌ش پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له سه‌ركردایه‌تییه كاتییه‌كه ده‌كرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی رووسه‌كان دروستی ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به به‌رپرسانی ئۆكرانیایان گوتووه، ئه‌و كه‌سانه‌ی توانای شوێنگرتنه‌وه‌ی زیلینكسیان هه‌یه، با بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له یه‌ك شوێن نه‌مێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌ترسی دووربكه‌ونه‌وه و هه‌ر شتێك روویدا، ئه‌وان بتوانن یه‌كێك له‌وان ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆیه وا باشتره بچنه شوێنێكی سه‌لامه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی كیێڤی پایته‌خت.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئۆكرانیا به باشی ده‌زانن، حكومه‌تی ئۆكرانیا شوێنیكی دیكه‌ی جیاواز بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی وڵات ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له دوای كه‌وتنی كیێڤ له‌وێوه سه‌ركردایه‌تی وڵات بكه‌ن، به گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌كانیش شوێنه‌كه له چیاكانی "كارپات" ده‌بێت كه ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای ئۆكرانیا، به‌ڵام تا ئێستا به‌رپرسانی ئۆكرانیا روونیان نه‌كردووه‌ته‌وه، شوێنه‌كه توانای به‌رگه‌گرتنی بۆمبی هه‌یه یان نا، له‌كاتێكدا ده‌بێت شوێنه‌كه هه‌م سه‌لامه‌ت و هه‌م هێڵی په‌یوه‌ندییه‌كانیشی هه‌بێت.
زنجیره چیای كارپاتیان، له ناوه‌ڕاستی رۆمانییانهوه ده‌ستپێده‌كات، كه له باشووری رۆژئاواوه دراوسێكی ئۆكرانیایه، زنجیره چیاكه به باشووری رۆژئاوادا به‌ناو ئۆكرانیادا ده‌ڕوات و ده‌گاته سه‌ر سنووری سلۆڤاكیا له رۆژهه‌ڵاتی وڵات، به‌شێكیشی ده‌كه‌وێته باشووری رۆژهه‌ڵاتی پۆڵه‌ندا و له‌وێش كۆتایی دێت.
به‌رده‌وامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاری
به گوێره‌ی ده‌ستووری ئۆكرانیا، له‌كاتی روودانی هه‌ر شتێك، یان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی وڵات نه‌یتوانی پۆسته‌كه به‌ڕێوه‌ببات، سه‌رۆكی په‌رله‌مان شوێنی ده‌گرێته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی باسی له‌وه كردووه، روسلان ستیفانچوك سه‌رۆكی په‌رله‌مان، رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئۆكرانیا ده‌ركه‌وتووه، كاتێك زیلینكی واژووی له‌سه‌ر داواكاری بوون به ئه‌ندامی ئۆكرانیا كردووه له یه‌كێتی ئه‌وروپا.
به گشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئۆكرانیا پشتیوانی سیاسه‌ته‌كانی رۆژئاوا ده‌كات و هاوكارێكی گه‌وره‌ی زیلینسكییه، بۆیه به‌رپرسانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا روونیان كردووه‌ته‌وه، ره‌نگه ستیفانچوك یه‌كێك بێت له‌وانه‌ی بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی زیلینسكی دیاربكرێت.
دوو به‌رپرسی ئاگاداریش بۆ رۆژنامه‌كه دواون و گوتوویانه: "به‌رپرسانی ئۆكرانیا ئه‌و پێشنیازه‌ی ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپییه‌كانیان ره‌تكردووه‌ته‌وه به‌وه‌ی ستیفانچوك بگوازنه‌وه شوێنێكی سه‌لامه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێگه‌یشتنیان هه‌بووه كه پێویسته ده‌سته‌به‌ری شوێنگرتنه‌وه‌ی یاسایی هه‌بێت بۆ سه‌رۆكی ئۆكرانیا"، له ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر شتێك كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌بێت، سه‌رۆكی ئۆكرانیا نه‌توانێت كاره‌كانی بكات.
سه‌رچاوه: واشنتن پۆست – نیویۆرك پۆست
وەڵام بدەوه