بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، سزا بەسەر ئەو خاوەنکار و خاوەن خانووانەدا دەسەپێنێت، کە رێگە بە کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە دەدەن کار بکەن یان خانوو بەکرێ بگرن، ئەمەش لە چوارچێوەی رێوشوێنە نوێیەکانە بۆ سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، "دامەزراندن و بەکرێدان بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ چوونە ناو بەریتانیا نایاساییە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سزای مەدەنی بۆ خاوەنکارەکان سێ ئەوەندە زیاد کرووە بۆ 45 هەزار پاوەند کە دەکاتە 57 هەزار دۆلار بۆ هەر کرێکارێک.هەروەها ئەو سزایەی کە بەسەر خاوەن خانووبەرەکاندا دەسەپێندرێت کە بۆ هەر کرێچییەک بەرزبووەتەوە و دەبێتە 10 هەزار پاوەند.
راشیگەیاند، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچیکردندا سزاکە زیاتر دەبێت، خاوەنکارەکانیش دەبێت شایستەیی کرێکاران و کرێچییەکان پشتڕاستبکەنەوە.
سزا نوێیەکان لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی وەزارەتەکە، کە ئاماژەی بەوە کردووە، دوایین جار دەستکاریکردنی سزاکان لە ساڵی 2014 بووە. رۆبەرت جێنریک، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا گوتی: "ئەستەمترکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ دۆزینەوەی کار لە بەریتانیا زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی بەلەمی بچووکی مەترسیدار و ناپێویست".
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی رابگرێت، کە لە نۆکەندی ئینگلیز بە بەلەمی بچووکەوە لە فەرەنساوە دەپەڕنەوە.
لە ساڵی 2022 زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر بە بەلەم گەیشتنە کەناراوەکانی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی چوونەتە بەریتانیا 13 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
وەڵام بدەوه