مۆندیال لوتکەی خرۆشانی جەماوەرو تەقینەوەی بورکانی تۆپی پێیە.نەک هەر جەماوەری وەرزش دۆست و هەودارو لایەنگرانی هەڵبژاردەکان، بەڵکو شوێنی بەیەک گەیشتنی نەتەوەکانە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.
مۆندیال سەکۆیەکی وەرزشی بەرز و بڵندە بۆ نمایشی هونەری ڕاکردن و کۆنترۆڵ کردنی تۆپێکی خڕ. تۆپێک نەخشەی جیهانێکی گەورەو بەرینی لەسەرەو کوردی بەشمەینەت لەسەر ئەم نەخشەیە گەلێکی بێ نیشتیمان و نیشتیمان داگیرکراوە.
مۆندیال ئەگەر بۆ نەتەوەو گەلانی جیهان خاڵی بەیەک گەیشتن و دیدارو پێکەوەیی و ئاشنابوون و نزیک بوونەوەو مەکۆی کۆبوونەوەو چاوپێکەوتنەکان بێت، بۆ ئێمەی کورد تەنیا ئەو شوێنەیە بینەری حیکایەتی دۆڕان و بردنەوەکان دەبین و چێژ لە سەرکەوتنی ئەو هەڵبژاردەیە وەردەگرین دڵخوازمانە و هەودارینی.
حیکایەتی مۆندیال حیکایەتی چێژ وەرگرتن لە شکست و سەرکەوتنی نەتەوەکان نیە، بەڵکو هێمایەکە بۆ نمایشی دیدارەکان و خرۆشانە جەماوەریەکان و خەندەو پێکەنین و گریانەکان، هەر چوار ساڵ جارێک.
وەڵام بدەوه