ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه بارسێلۆنا دوایین یه‌كه‌ی راهێنانی له یاریگه‌ی تایبه‌ت به مه‌شقه‌كان ئه‌نجامدا و سبه‌ی چوارشه‌ممه له یارییه‌كی دواخراوی گه‌ڕی یه‌كه‌می لالیگا له كاتژمێر 06:00ـی ئێواره رووبه‌ڕووی ئێلچێ ده‌بێته‌وه، رۆناڵد كومانی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا نایشارێته‌وه كه دوای یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر كادێز توڕه بووه.
یانه كه‌ته‌لۆنیه‌كه به هیوای گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو هه‌ڵمه‌تی بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگا ئه‌م یارییه ده‌كات، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا له چامپیۆنزلیگ هیوایه‌كی لاوازی ماوه و هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخرانه‌وه‌ی له‌سه‌ره دوای ئه‌وه‌ی له یاریی چوون له كامپ نوو به گۆڵێك به‌رامبه‌ر چوار گۆڵ به پاریس سانجێرمان دۆڕا و له یاریی گه‌ڕانه‌وه ئه‌ركی سه‌خت و قوڕسه.
بارسێلۆنا بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌هۆی پێكانه‌وه له تواناكانی ئانسۆ فاتی، فیلیپ كۆوتینیۆ، سێرجی رۆبێرتۆ بێبه‌ش ده‌بێت، رۆناڵد ئاراوخۆش هه‌رچه‌نده ده‌ستی به راهێنان كردووه‌ته‌وه به‌ڵام كۆمانی راهێنه‌ر رایگه‌یاند بۆ ئه‌م یارییه بانگهێشت نه‌كراوه چونكه به ته‌واوه‌تی ئاماده نییه.
رۆناڵد كۆمان راهێنه‌ری بارسێلۆنا له پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: ئاراوخۆ له دۆخێكی باشه و به ته‌نیا مه‌شقه‌كانی كردووه به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه له‌گه‌ڵمان نابێت، ره‌نگه بۆ چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه یاریكردن، له‌باره‌ی هه‌ڵه‌كه‌ی لێنگلێت له یاریی رابردوو من لۆمه‌ی ئه‌م یاریزانه ناكه‌م، ناكرێت به له‌ده‌ستدانی خاڵ ره‌خنه ته‌نیا له یاریزانێك بگرم، به‌ڵام ده‌مانتوانی باشتر بین ئه‌گه‌ر به دوو گۆڵ له پێشهوهبوواین دۆخه‌كه جیاوازتر ده‌بوو.
كومان گوتیشی: من ئه‌مڕۆ باش و ئارامم، به‌ڵێ دوای یارییه‌كه‌ی قادش هه‌ستم به خراپی كرد و توڕه بووم چونكه پێموایه من به‌رپرسم له ئه‌نجامه‌كان، ئه‌وه كاری منه كه هه‌ڵه‌كان به یاریزانان بڵێم، نامه‌وێت له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه هه‌ڵه‌ی یاریزانان بگه‌یه‌نم.
رۆناڵد كۆمان له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: به‌ڵێ ئه‌م دووهه‌فته‌یه چاره‌نووسسازه و ئێستا كاتێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌نجامه خراپه‌كانی رابردوو بكه‌ینه‌وه، پێموایه هێشتا ده‌توانین له لالیگا بجه‌نگین، ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ی سێڤییا و پاریس برینداری كردین، به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانین كه له تۆپی پێ ره‌نگه به دوو رۆژ هه‌موو شتێك بگۆڕێ، پێویسته له‌سه‌ر یاریزانه به ئه‌زموونه‌كانمان له‌م یارییانه سه‌ركردایه‌تی بارسا بكه‌ن و كه‌شێكی ریمۆنتادا دروست بكه‌ن، سه‌ركرده‌كانی ئێمه له پێش هه‌موویانه‌وه مێسیه، له‌گه‌ڵ پیكێ و رۆبێرتۆ و ئالبا ده‌توانن سه‌ركردایه‌تی تیپه‌كه‌مان بكه‌ن.
وەڵام بدەوه