یانەی ریال مەدرید سوودی لە یەکسانبوونی یانەی سێڤییای رکابەری وەرگرت بۆ زیادکردنی جیاوازییەکەی و بەر لە رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمان، بردنەوەیەکی گەورە و گرنگی تۆمارکرد.
ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر ریال سۆسیداد یارییکرد، رێز لە ئاندرێ لونین و ئۆکراینا گیرا.
دوای 9 خولەک یارییکردن میکێل ئۆیارزابال بەلێدانی سزا ریال سۆسیداد پێشخست، لە خولەکی 40 ئیدوارد کاماڤینگا بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی راستکردەوە، دوای تەنیا سێ خولەک لوکا مۆدریچ بە مووشەکێک گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا ریال مەدرید سوودی لە لێدانێکی سزا وەرگرت، لە خولەکی 75 کەریم بنزیما گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، دوای 4 خولەک لەو گۆڵە مارکۆ ئاسێنسۆ گۆڵی چوارەمی یانەی شاهانەی تۆمارکرد و سێ خاڵی بۆ یانەکەی یەکلاکردەوە.
بەم بردنەوەیە ریال مەدرید شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگا بەهێزکرد و ژمارەی خاڵەکانی بۆ 63 خاڵ بەرزکردەوە و بەجیاوازیی 8 خاڵ لە پێش سێڤییای دووەمە، جگە لەوەش ئامادەیی خۆی بۆ بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ دووپاتکردەوە.
رۆژی چوارشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی ریال مەدرید میوانداریی پاریس سانجێرمان دەکات، لە یاریی چووندا یانە فەرەنسییەکە بە گۆڵێکی کیلیان ئێمباپێ بردنەوەی تۆمارکردووە.
وەڵام بدەوه