یانەی ریال مەدرید بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان سوپرایزی دەبێت و دەیەوێت تۆڵەی دۆڕانی یاریی چوون بکاتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتوو
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی و نزیکەی لە یانەی ریال مەدرید دەڵێت " کارگێڕیی یانەی شاهانە پلانی داناوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی دوو ئەندازیاری بیناسازی، ژمارەی پەیژەکانی نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ زیاتر ئامادەبکات، بۆ ئەوەی رێژەی ئامادەبوونی هاندەران لەو یارییەدا زیاتر بێت، کە ریال مەدرید پێویستییەکی زۆری بە پاڵپشتیی هاندەران هەیە لەو یارییەدا
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، ریال مەدرید دەیەوێت 10 هەزار پەیژەی دیکەی یاریگەکەی ئامادەبێت، بۆ ئەوەی رێژەی ئامادەبوونی هاندەران بگاتە 62 بۆ 65 هەزار هاندەر، کە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هێشتا هاندەران بەتەواوی ناتوانن بچنە نێو یاریگەکەوە
ریال مەدرید دەیەوێت ئەو پەیژانەی نێو یاریگەکەی ئامادەبکات، کە لە گوڕەپانی یاریگەوە نزیکن، بۆ ئەوەی هاندەران زیاتر کاریگەرییەکان لەسەر یاریزانانی پاریس سانجێرمان هەبێت و پاڵپشتی زیاتریش بدەنە یاریزانانی یانەی شاهانە
بەپێی هەواڵەکەی ئەی ئێس، زیادکردنی پەیژەکانی یاریگەکە پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی تەواو هەیە، چونکە تەنیا 30 مەتر لە چیمەنی یاریگەوە دوورە و دەبێت هەموو گەرەنتییەکی بۆ بکرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ روودانی هەر رووداوێک لە یارییەکەدا
ریال مەدرید لە یاریی چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاوە، بۆ بردنەوەی یارییەکە یانەی شاهانە پێویستیی بەبردنەوە بە جیاوازیی دوو گۆڵ هەیە، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو
وەڵام بدەوه