گاڤی، یاریزانە تەمەن 17 بەهارییەکە، ناونیشانی رکابەرییەکی گەورەی نێوان بارسێلۆنا و یانەی لیڤەرپوولە، کە یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت گرێبەست لەگەڵ گاڤی بکات
بەرپرسانی بارسێلۆنا ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە لیڤەرپوول هانی گاڤی بدات لە یانەکە یاخی ببێت و بچێتە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە، کە ماوەیەکە ئەو یانەیە بە فەرمانی یۆرگن کڵۆپ هەوڵ بۆ رازیکردنی ئەو یاریزانە دەدات
گاڤی، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت، ئەگەر بارسا لەگەڵیدا رێکنەکەوێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، کە ئێستا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە
بەرپرسانی بارسێلۆنا دەیانەوێت پەلە بکەن لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە لاوەکەیان، لە ترسی ئەوەی هەوڵەکانی لیڤەرپوول کار لە یاریزانەکە بکەن و بڕیاری رۆیشتن لە یانەکە بدات
کەتەلۆنییەکان زانیویانە کە لیڤەرپوول هەوڵدەدات گاڤی بەوە رازی بکات گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا نوێنەکاتەوە و دواتر لە هاوینی داهاتوودا بەرامبەر مووچەیەکی زۆر بچێتە ئانفێڵد، لەبەرئەوە بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستی گاڤی تاوەکو هاوینی 2027 نوێبکاتەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بکاتە یەک ملیار یۆرۆ، بەهەمان شێوەی گرێبەستی ئانسۆ فاتی و پێدری
گاڤی ئەمساڵ لە لایەن رۆناڵد کۆمانی راهێنەری پێشووی بارساوە بۆ تیپی یەکەم سەرخرا، دواتر لویس ئێنریکی بانگهێشتی کرد بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا
پێشتر دەگووترا کە یانەی لیڤەرپوول ئامادەیە مووچەیەک بداتە گاڤی، کە 50 جار ئەوەندەی ئەو مووچەیەیە کە ئێستا لە بارسا وەریدەگرێت، واتا یانەکەی کڵۆپ ئامادەیە مووچەیەکی هەفتانە بە بڕی 80 هەزار پاوەند بداتە گاڤی، کە دەکاتە 96 هەزار یۆرۆ لە هەفتەیەکدا، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە لاوە ئێستا مووچەی هەفتانەی لە بارسێلۆنا تەنیا 1600 پاوەندە
گاڤی، کە تەمەنی هێشتا 17 ساڵە، سەرنجی راهێنەرانی زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپای راکێشاوە، بەتایبەتیش یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، کە سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ دەرچووی ئاکادیمیای لاماسیا
ئەو ئەستێرە لاوە، ساڵی 2015 پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاوانی بارسێلۆناوە کردووە، کە تەمەنی 11 ساڵ بوو، ئەو یەکەم گرێبەستیی پیشەگەریی خۆی لەگەڵ یانەکەی لە مانگی 9ـی 2020 واژۆکرد، لە 2021ـیش بۆ تیپی یەکەم سەرخرا، تەنانەت بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش کرا
وەڵام بدەوه