Kurdistan Press - سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەڕەشە لە کیلیان ئێمباپێ دەکات سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەڕەشە لە کیلیان ئێمباپێ دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەڕەشە لە کیلیان ئێمباپێ دەکات

 

تا دێت ئەگەری مانەوەی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی زیاتر دەبێت، یانەی ریال مەدریدیش هۆشداری دەداتە یاریزانەکە
 
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا، ئاشکرای دەکەن کە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی هەندێک نەرمی نواندووە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رازی ببێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان نوێ بکاتەوە
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەپێی میدیای فەرەنسا، کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان بە بەڕێوەبەری کارەکانی ئێمباپێی راگەیاندووە کە ئامادەیە مووچەی هەفتانەی کیلیان بۆ 1.2 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە، واتا ساڵانە زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، کە بەرزترین مووچەی یاریزانە لە مێژوودا، مەگەر مووچەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا زیاتر بووبێت، کە تاوەکو ئێستاش روون نییە چەندی وەردەگرت
 
ئەو سەرچاوانە، دەشڵێن "پاریس سانجێرمان چاوەڕێی وەڵامی کیلیان ئێمباپێیە، بەڵام هەست بەوە دەکرێت کە یاریزانەکە خەریکە دڵی نەرم دەبێت و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی نوێ دەکاتەوە"
 
ئەم هەواڵە بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەتایبەتیش فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەی زۆر نیگەران و تووڕە کردووە، چونکە پێشتر کیلیان بەڵێنی بە پێرێز داوە کە بەبێ بەرامبەر دەچێتە ریزەکانی ریال مەدرید
 
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئاشکرایانکردووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز هەڕەشەی لە کیلیان ئێمباپێ کردووە و هۆشداری ئەوەی پێداوە، ئەگەر ئەمساڵ پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە نەکات و گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە، هەرگیز جارێکی دیکە درێسی یانەی شاهانە لەبەرناکات، کە زۆرجار ئەستێرە تەمەن 23 ساڵییەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، گوتوویەتی لەبەرکردنی درێسی ریال مەدرید خەونی گەورەی ئەوە
 
مەرجەکانی ئێمباپێ
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریسی لە هاویندا کۆتایی دێت و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، چونکە چەندین دەستەوارەی ئەو یانەیەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت بچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە خەونی منداڵیەتییەتی
 
سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی یانەی پاریسی، کە موڵکداریەتییەکەی بۆ قەتەرییەکان دەگەڕێتەوە، بێئومێد نەبوونە و لە هەوڵەکانیاندا بەردەوامن بۆ رازیکردنی ئێمباپێ بە مانەوە لە یانەکە، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی میرەکانی قەتەر خۆیان لەسەر هێڵن بۆ رازیکردنی ئێمباپێ، هەروەها دەگوترێت خودی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساش هەوڵیداوە ئێمباپێ رازی بکات لە پاریس نەڕوات
 
لە نوێترین پێشهاتدا، چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئێمباپێ جۆرێک لە نەرمی لە هەڵوێستی خۆی نواندبێت، کە پێشتر سووربوو لەسەر رۆیشتن
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، کۆمەڵێک مەرجی بۆ کارگێڕیی یانەکەی داناوە، بۆ ئەوەی بڕیاری مانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بدات
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یەکەم مەرجی کیلیان ئەوەیە کە دەبێت ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بێت و لە هیچ یەکێک لەو شوێنانە یاری پێنەکرێت کە لیۆنێل مێسی و نەیمار داسیلڤا یاری لێناکەن
 
مەرجێکی دیکەی ئێمباپێ، بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەوەیە کە دەبێت خۆی جێبەجێکاری یەکەمی لێدانەکانی سزا بێت لە تیپەکەدا، نابێت هیچ لێدانێکی سزا لە لایەن مێسی یان نەیمارەوە جێبەجێبکرێت تاوەکو ئەو لەنێو یاریگەدا بێت
 
ئەو سەرچاوانە زیاتر باسی مەرجەکانی کیلیان دەکەن و دەڵێن "ئێمباپێ دەیەوێت تیپێکی بەهێز دروست بکەن، کە بە هێنانی چەند یاریزانێکی گرنگ بتوانن رکابەری لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ بکەن، بۆ نموونە ئیمباپێ پێیوایە گرێبەستکردن لەگەڵ سێرخیۆ رامۆسی بەرگریکاری ئیسپانی هیچ پێویست نەبوو، چونکە ئێستا ئەو یاریزانە تەمەنی گەورە بووە و ناتوانێت سەرکردایەتی هێڵی بەرگریی یانەکە بکات"
 
جگە لەمەش، کیلیان زۆر تووڕەیە لەو دۆخە ناسەقامگیر و نا رێکخراوەی لە یانەکەدا هەیە و داواشی کردووە کە هیچ یاریزانێک مافی سەرپشکی پێنەدرێت، بەتایبەتیش هەندێک یاریزانی ئەمریکای باشوور، کە بێگومان مەبەستی مێسی و نەیمارە
 
ئەگەرچی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بەئاشکرا داوای لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید و بەرپرسانی ئەو یانەیەش بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە دانوستاندنیان لەگەڵ یانەی پاریسی کرد، ریال مەدریدیش ئامادەیی نیشاندا کە 150 تاوەکو 200 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر گواستنەوەی ئێمباپێ بداتە پاریس سانجێرمان، بەڵام دەرئەنجام یاریزانەکە لە یانەی خۆی مایەوە
 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه