ئەگەر پرسیارتان لێبکەن ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی مەدالیای ئاڵتوونیی ئۆڵۆمپیاد چی لەدەستبدەن، وەڵامەکەتان چی دەبێت؟ رەنگە بەشێکتان بڵێن کات، بەشێک خەو و بەشێکتان خۆراک، هەندێکیشتان وزەی جەستە، ئەی ئەگەر بێتە سەر ئەندامی زاوزێی لەش ئامادەن؟ ئەمە لە ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵ بەسەر یاریزانێکی کاشەڤانی (خلیسکێنەی سەر بەفردا) هات.
لە دوایین رۆژی ئۆڵۆمپیادی زستانەی 2022 لە رۆژی شەممە، 19ـی ئەم مانگە، رێمی لیندهۆڵم، کوڕە یاریزانی کاشەڤانیی فینلەندی ئاماژەی بەوە کرد، دوای بەشداریی لە 50 کیلۆمەتر کاشەڤانی، ئەندامی زاوزێی "کەمێک بەستوویەتی."
لیندهۆڵم بە گاڵتەوە بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "رەنگە خۆتان بزانن کام بەشی لەشم کەمێک بەستبووی،" هەر خۆیشی وەڵامی دابووەوە کە ئەو بەشەی جەستەی ئەندامی نێرینەی بووە، بەڵام توانیویەتی دوای تەواوبوونی یارییەکەی بەباشی خۆی گەرمبکاتەوە.
خۆگەرمکردنەوەی ئەو یاریزانە بە گوتەی خۆی لە رێگەی دانانی تەنێکی گەرمەوە بووە بەشێوەیەکی ستراتیژی لە هەندێک شوێنی جەستەی، بەڵام باسی لەوە کردووە، پێش ئەوەی بەتەواوی گەرمی ببێتەوە، هەستی بە ئازارێکی زۆر کردووە.
ئەو یاریزانە نزیکەی کاژێر و نیوێکی پێویست بووە بۆ ئەوەی یارییەکە تەواوبکات کە بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە ماوەکەی لە 50 کیلۆمەترەوە بۆ 30 کیلۆمەتر کەمکرایەوە.
لە پێشبڕکێکەدا یاریزانەکە پلەی 26ـەمینی بەدەستهێناوە و خۆیشی دانیپێدا دەنێت کە ئاستی لاواز بووە، دەڵێت، "یەکێک لە خراپترین کێبڕکێکان بووە کە بەشداریم تێداکردووە."
وەڵام بدەوه