ئەم ماستە نەک موو، بەڵکو گوریسەکی تێدایە. عێراق بە دەست دەیان کێشەوە دەناڵێنێ.
هەر لە پرسی دابەزینی نرخی دینارەوە بگرە تا دەگا بە نەبوونی خزمەتگوزاری ئاوو کارەباو نەمانی سەروەری و موشەکباران و تۆپ بارن و لەشکەرکێشی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر سەروەریەکەی، بەڵام دادگای فیدڕاڵی مێشیش میوانی نیە.
وەک بڵێی دادگای فیدڕاڵی لە دۆڵێک و عێراقیەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە دۆڵێکی تردان.
دادگای ئیتیحادی یا فیدڕاڵی کێشە ژیاریەکانی عێراقی لەبیرخۆی بردوونەتەوە یا باشتر بڵێین لە بیریان بردۆتەوەو هەموو خەم و نیگەرانیەکانی لە هەرێمی کوردستان و بچووک کردنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێم کورت کراوەتەوە.
بەردەوامبوونی ئەم دۆخەو پێرەوکردنی ئەم سیاسەتە لە لایەن دادگای ئیتیحادیەوە دژبە هەرێم، بێ سێو دوو هێمای پرسیار دەخاتە سەر یاسایی بوونی بریارەکان و تەنانەت بوونی ئەم دامەزراوەیە وەک دامەزراوەیەکی باڵای دەستوریەوە.
لەهەمان کاتیشدا ريگە خۆشکەرە بۆ تۆمارکردنی دەیان سکاڵای تر دژبە هەرێم لەلایەن هێزە بەکرێ گیراوەکان و سەرقاڵ کردنی حکومەتی هەرێم و بەغدا بە بریارەکانەوە.
وەڵام بدەوه