نان و نمەکی بارزانی
ئاسۆ حاجی
بە دڵنیاییەوە سەرۆک بارزانی و کوڕەکەشی دەزانن کوردستان سۆماڵ نیە، خەڵکی کوردستانیش ژیانیان ئەوەندە خراپ نیە بە نانی بەڵاش ئاهیان وەبەر بێتەوە. بەڵکو ئەوەی میدیاکان بە هەردوو بەرەوە (ئەوانەی دژایەتی دەکەن، ئەوانەی پێیهەڵدەڵێن) لە لێکدانەوەی واتا و نیەتی پشت ئەو کارە سەرچیغ چوون. ئەوانەی ڕەخنەدەگرن و سەرزەنشتی هەڵمەتی بەخشینەوەی نان دەکەن، تەواو دوورکەوتوونەتەوە لە بەها و داب و نەریتی کوردەواری، ئەوانەی دیکەش کە پەسندی دەکەن تەنها وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە ڕەخنەکان، بەڵام وەڵامەکانیان ئەوەندە لاوازە زیاتر بوونەتە تەواوکەری دژاتەتییەکان و ناشیرنکردنی کارەکە.
ئەو کارەی دەکرێ تەنها جێبەجێکردنی یەکێک لە نەریتە جوان و دیارەکانی کۆمەڵی کوردەوارییە، کە لە بۆنە ئاینییەکان و وەک یەکدی بەسەرکردنەوە، زۆرجاران نان دەبەشرێتەوە، دڵنیام هەموو ئەوانەی قسەیان لەو بابەتە کردوە بە یار و نەیار، داک و بابیان یان بەخۆیان زۆرجار نانیان بەشیتەوە و کردۆتە خێر، بۆ هەموو دەر و دراوسێیان بردوە و حیسابی ئەوەیان نەکردووە کێ هەبووە و کێ نەبووە. ئەوەی سەرۆک بارزانی ڕێک لەو چێوە کۆمەڵایەتی و کوردەوارییە جێ دەگرێ، ئەگەر لەوەش زیاتری لەسەر بڵێین، دەکرێ بڵێین نوێکردنەوەی ئەو (نان و نمەک)ەیە کە لە نێوان ماڵباتی بارزانی و گەلی کوردستان هەبووە، کە ترۆپکی وەفا و خۆشەویستی و پشت بەیەکدی بەستنە.
وەڵام بدەوه