Kurdistan Press - پارتی بەدیلی نیە پارتی بەدیلی نیە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پارتی بەدیلی نیە

پارتی بەدیلی نیە

ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە چەند ڕوویەکەوە بە قازانجی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشکێتەوە، براوەی کورسی پەرلەمانی و ڕای گشتی خەڵکی کوردستان و لێکدانەوەی ھەڵەی ئێران و لایەنە شیعە عێراقیەکان دەبێت.

یەکەم. پێدەچێت ئەمجارەش پارتی لە ٤٠ کورسی بە سەرەوە بە دەست بھێنێت، لەکاتێکدا حزب و لیست و کەسایەتیە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک پەرتەوازە بوونە کە ڕەنگە حزبی دووەم لەسەر ئاستی ھەرێم نزیکەی ٢٠ کورسی پەرلەمانی بە دەست بھێنێت.

دووەم. ئیتر قسەیەک لە ناوخۆی ھەرێم نامێنێت دژی پارتی کە جاران تۆمەتبار دەکرا بەوەی مەلەفی نەوتی لایە و شەفاف نیە، کۆمیسۆنی ھەڵبژاردن لە ژێر دەسەڵاتی پارتیە و تەزویر دەکات، یازدە کورسی کۆتاکان بۆ پارتیە، یەک بازنەیی ھەڵبژاردن لە سودی پارتیە و دەنگی دھۆک فەرز دەکات بەسەر سلێمانیدا و چەندین قسە و قسەڵۆکیتر کە بووبووە ماعیشیەت و بانگەشەی لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان بۆ فریودانی خەڵک و گەرم کردنی بازاڕی سیاسییان.

سێیەم، ڕکابەرەکانی پارتی زۆرێک لە لایەنە شیعی و میلیشیاکانی عێراق و بگرە ئێرانیشیان فریودابوو بەوەی کە پارتی تەنھا بەناو گەورە ماوە،  جەماوەر و ھێز و توانای ئەوتۆی نەماوە و ئەگەر ئەوان ھاوکار بن ئەتوانن پارتی بچوک بکەنەوە.

بە کوردی و بە کورتی لە دوای ئەم ھەڵبژاردنە سەنگ و قورسایی پارتی بۆ یار و نەیار دەردەکەوێت و بۆچوونی خەڵک و دۆست و دوژن بەرامبەر پارتی دەگۆڕێت، ئەمریکا و ھاوپەیمانانیش گرنگی زیاتر بە پارتی دەدەن لەبەرئەوەی بیانویەک نامێنێت بۆ گومانکردن لە گەورەیی و بەھێزی و یەک بڕیاری پارتی.

ئەگەر کەسانێک ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوەیان پێڕاست نیە لێیان دەپرسین چی بەرەیەک بە بەدیلی پارتی دەزانن؟

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە پێناو ڕازیکردنی ئێرانیەکان و میلیشیاکانی عێراق و نەیارانی کورد پشتی کردووەتە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان، دەستی لە قەوارە و حکومڕانی کوردی بەرداوە، سیاسەتێکی دوو ڕووانە پەیڕەو دەکات لە نێوان خەڵکی ناڕازی و حکومڕانی کردنیدا؟

یان ئەو بەرەی ناڕازی و ئۆپۆزیسۆنەی پارچە پارچە بووە و ھەر کۆمەڵێک دژی ئەوی ترە و بە ئاوازێکی جیا  دەخوێنێت؟ تەنھا دەپرسین ئەگەر کەسێک ویستی ناڕازی بێت لەگەڵ کێ و کام بەرەدا بێت؟ بزوتنەوەی گۆڕان؟ نەوەی نوێ؟ یەکگرتووی ئیسلامی؟ کۆمەڵی دادگەری؟ ھاوپەیمانی نیشتمانی؟ بەرەی گەل؟ بەرەی نیشتمانی؟.

باشە ئەم بەڕێزانە نەک ناتوانن یەک بن و ھاوپەیمانی بکەن لەگەڵ یەکتر، بگرە زۆر دژی یەکتریشن، ئیتر چۆن دەتوانن ببن بە بەدیل و حکومڕانی بکەن؟ چۆن خەڵک ئومێدی پێیانبێت و لەگەڵ کام بەرەیاندا بێت؟

تێبینی، ئەمە تەنھا خستنە ڕووی ڕاستی و واقیعی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستانە بۆ بەرچاو ڕوونی ھاوڵاتیان، ئەگینا مەبەستمان شکاندن و کەمکردنەوەی بەھای ھیچ کەس و لایەن و بەرەیەک نیە، لامان گرنگە دەسەڵاتێکی سەرتاسەری و ئۆپۆزیسۆنێکی ڕاستەقینەی عەقڵانی لە پێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بێتەکایەوە لە ھەرێمی کوردستاندا.

عەبدوولا کوێخا موبارەک

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه