سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، لەم قۆناخەدا واز لە چالاکیی سیاسی دەهێنێت، هەروەها هەوڵ دەدات سوود لە ئەو رەخنانە وەربگرێت کە ئاراستەی دەکرێن.
سەلاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ رۆژنامەی ئارتی گەرچەکی تورکی هەڤپەیڤینی کردووە کە بڕیارە سبەی بڵاوببێتەوە، بەڵام لە تویتەری خۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-5-2023 دوو پەرەگرافی لە هەڤپەیڤینەکە بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش دەڵێت: "من بەناوی خۆمەوە، لەبەرئەوەی نەمانتوانی سیاسەتێک بکەین کە شایستە بە خەڵکی خۆمان بێت، لە ناخەوە داوای لێبووردن دەکەم، بەڵێن دەدەم، بە هەوڵە پراکتیکییەکانی خۆم ئەم کەموکوڕییە پڕبکەمەوە."
لە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەری 2016، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتر و هەشت پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە دەستگیرکران و دەمیرتاش تاوەکو ئێستا لە زیندانە.
دەمیرتاش لە پەرەگرافێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "جگە لەوە سوپاسی هەموو ئەو رەخنانە دەکەم کە بونیادنەرن و ئاراستەم کراون، هەوڵ دەدەم سوود لەو رەخنانە وەربگرم، وەکو هەموو هاوڕێکانم لە گرتووخانەوە کە بەردەوامم لە خەبات، لەم قۆناخەدا واز لە چالاکیی سیاسی دەهێنم."
سەلاحەدین دەمیرتاش لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: بەهیوای دیدار لە رۆژانی ئازادیدا.
وەڵام بدەوه