رۆژی 14ی ئەم مانگە لە تورکیا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت، گوتاردان دژی یەکدی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گەیشتووتە ئاستێک، لایەنەکان بە ئاشکرا کار لەسەر ناوزڕاندنی یەکدی بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا، دوێنێ پێنجشەممە لە گوتارێکیدا لە شاری گیرەسون، کەمال کڵچدارئۆغڵوی بە پشتیوانیکردنی «هاوڕەگەزخوازی» تۆمەتبار کرد.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نەتەوەیییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا و لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا پشتگیری هەدەپەی بەدەستهێناوە.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا کە لەبەردەم ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکە پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد، کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی لە هاوڕەگەزخوازی دەکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی کۆماری بە ئاماژەدان بە بلۆکی سیاسی خۆی گوتی: ئێمە دژی ئەم بابەتەین، خێزان لای ئێمە پیرۆزە، خێزانێکی بەهێز واتە نەتەوەیەکی بەهێز. هەرچییەک بکەن، خودا بەسە بۆ ئێمە.
ئەردۆغان پێشتر کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانەکانی بە لایەنگری «هاوڕەگەزخوازی» تۆمەتبار کردووە.
کیلیچدارئۆغڵو لایەنگرێکی ڕاشکاوانە نییە بۆ مافەکانی هاوڕەگەزخوازان، بەڵام بەڵێنی داوە ئەگەر هەڵبژێررا پەیمانی ئیستەنبوڵ بگەڕێنێتەوە.
پەیمانی ئیستەنبوڵ، پەیماننامەیەکی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی ئەوروپایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی کە لە 11 ئایاری 2011 لە ئیستەنبوڵ واژۆ کرا، پەیماننامەکە چەند جۆرێک لە توندوتیژی جێندەری دژی ژنان دیاری دەکات کە بڕیارە بە تاوان بناسێنرێن.
وەڵام بدەوه