عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ١٤ خاڵی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکبووەتەوە. بەپێی گوتەکانی عێراقچی، ئەم ڕێککەوتنە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ دەکرێت و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، بە بەرەی لوبنانیشەوە، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران و بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە.
گرنگترین خاڵەکانی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران:
کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئازادکردنی داراییەکان: ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەکان و لایەنەکان بەڵێن دەدەن نەبنە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک. هاوکات سەرجەم پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و گەرەنتی دەدرێت کە جارێکی دیکە دەستیان بەسەردا نەگیرێتەوە.
قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە: پرۆسەکە لە دوو قۆناغ پێکهاتووە؛ قۆناغی یەکەم واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییە و قۆناغی دووەم دەستپێکردنی دانوستان دەبێت بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی.
دواخستنی پرسی ئەتۆمی: پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران خراوەتە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان و لە ئێستادا بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ئەم دانوستانانە بەخشراوە بە (دکتۆر قالیباف).
گۆڕانکاری لە گەرووی هورمز: وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییە نوێیانەدا دەگۆڕێت.
پوختەی دۆخەکە لە زمانی عێراقچییەوە:
"ئێران لە ماوەی ساڵێکدا دوو شەڕی زۆر سەختی (١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژە)ی تێپەڕاندووە. بەهۆی خۆڕاگری هێزە چەکدارەکان و یەکگرتوویی گەلەکەوە، سەرکەوتنێکی ستراتیژیمان بەدەستهێناوە. ئێستا ئەرکی دیپلۆماسی جێگیرکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە لە مەیدانی جەنگدا بەدەستهاتوون."
#Kurdistanpress


وەڵام بدەوه