کورتەی هەواڵ
سەرەڕای پێکدادان و هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەرپرسێکی باڵای واشنتن ڕایگەیاند کە دۆخی دانوستانەکان نەگۆڕاوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە هێشتا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران نزیکە. هاوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات کە لە دۆخێکدان دەتوانن بگەنە "ڕێککەوتنێکی باش" و ئەگەر هەیە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا یەکلا ببێتەوە.
دەقی هەواڵ
کوردستان پرێس: ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەو لێدانە تۆڵەسەندنەوانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی نێوان هەردوو وڵات، پرۆسەی دیپلۆماسی و دۆخی دانوستانەکان وەک خۆی ماوەتەوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، دۆناڵد ترەمپ هێشتا گەشبینە بەوەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی ئێرانی هێشتا نزیکە.
لەم چوارچێوەیەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CBS) ڕایگەیاند:
"واشنتن ئێستا لە پێگەیەکی بەهێزدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتنێکی باش. هەردوولا زۆر نزیکن لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی کۆتایی لەسەر ئەو پرسانەی کە لەسەر مێزی دانوستانن."
ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دانوستانەکان بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بن، دەکرێت لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، بەڵام هاوکات ئەوەشی نەشارایەوە کە هەندێک پرسی ئاڵۆز هەن کە ڕەنگە کاتی زیاتریان بوێت و پرۆسەکە بۆ چەند مانگێکی دیکە دوا بخەن.
#Kurdistanpress


وەڵام بدەوه