کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکیا کە بارێکی نەوتی خاوی لە ڕووسیاوە دەگواستەوە، لە دەریای ڕەش و لە نزیک شاری ئەستەنبوڵ ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە و زیانی پێگەیەندرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەناڵی (NTV)ـی تورکی بڵاویکردەوە، کەشتیی نەوتهەڵگری "ئاڵتورا" (M/T Altura) لە کاتی گەڕانەوەی لە ڕووسیاوە، لە دووری 15 میلی دەریایی لە گەرووی بۆسفۆر، لەلایەن درۆنێکەوە کراوەتە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکەوە زیانی بەرچاو بەر ڕووی دەرەوەی کەشتییەکە و ژووری بزوێنەرەکان (مەکینە) کەوتووە و بووەتە هۆی ئاوبردن بۆ ناو کەشتییەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان کەناڵ، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەواوی ستافی کەشتییەکە سەلامەت ئەوەی هەیە تەنیا زیانی ماددییە.
دەریای ڕەش لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە مەترسیدارەکانی ململانێی سەربازی، کە تێیدا چەندین جار کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان کراونەتە ئامانج. ئەم هێرشەی دواییش لە کاتێکدایە کە تورکیا یەکێکە لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ڕووسیا و ڕۆژانە دەیان کەشتی لە ڕێگەی گەرووی بۆسفۆرەوە وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوازنەوە


وەڵام بدەوه