مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران داوای وەستاندنی شەڕ دەكات و دەڵێ، "چەند مەرجێكمان هەیە" رۆژنامەی شەرق ئەوسەتیش دەڵێ، "ئەو هەوڵانەی پزیشكیان بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ددان بە موجتەبا خامنەیی بنێت".
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لێدوانێكی مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێرانی بڵاو كردووەتەوە تێیدا دەڵێ، "تاكە رێگە بۆ وەستاندنی شەڕ ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەرەنتی بدات كە هەرگیز ئەو هێرشانە دووبارە نەبێتەوە و هەروەها ددان بە مافە رەواكانی ئێران بنرێت".
شەرق ئەوسەت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پزیشكیان سروشتی ئەو مافانەی ئێرانی دیاری نەكردووە كە باسی كردووە. هەروەها رۆژنامەكە دەڵێ،" چاودێرانی سیاسەتی ناوخۆی ئێران پێیان وایە لێدوانی پزیشكیان ئاماژەیە بۆ بابەتی دانانی رابەری نوێ كە پێویستی بە ددانپێنانی نێودەوڵەتی هەیە".
سەرەتای ئەم هەفتەیە موجتەبا خامنەیی لە شوێنی باوكی لە پۆستی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران دانرا. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی دانانی موجتەبا گوتی، "دەبێت چاوەڕوانی رۆژانی سەخت بكات"


وەڵام بدەوه