مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، جارێکی تر پەنجەی تۆمەتی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاکێشا و ڕای گەیاند، ئەوان هاندەری خۆپێشاندانەکانی دوایی بوون و ڕێگری لە گرێبەستەکانی ئێران دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی شوباتی 2026، مەسعوود پزیشکیان لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ هانی خەڵکیان داوە بۆ دروستکردنی ئەو ڕووداوانەی لەم دواییەدا وڵات بەخۆیەوە بینی (خۆپێشاندانەکان).
سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوە دا، ئەوانەی بە "دوژمن" وەسفی کردن، هەموو ڕێگەکانیان لە بەردەم وڵاتەکەی داخستووە بۆ ئەوەی کێشەی ناوخۆیی دروست بکەن و ڕێگری لە ئەنجامدانی مامەڵە و گرێبەستەکان دەکەن.
پزیشکیان دوێنێ چوارشەم دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو تەنگژانەی تێیدا تێدەپەڕێت و ئاماژەی بەوەش دا کە تاران هەوڵی دەستخستنی چەکی ئەتۆمی نادات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ئیسماعیل کەوسەری ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕەشبینیی خۆی بە ئەنجامی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا پێشان داوە و دەڵێت، تاران لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەتۆمی، گفتوگۆ لەسەر هیچ دۆسیەیەکی تر ناکات.


وەڵام بدەوه