گۆڤاری "تایم"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکانی 8ی کانوونی دووەم لە ئێران و ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لەو ڕۆژەدا بەرامبەر خۆپیشاندەرانی تاران ڕوویدا، بە یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مەدەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە کاتی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە شەقامەکانی تاران، دەسەڵاتدارانی ئێران یەکەم هەنگاو ئینتەرنێتیان بە تەواوی بڕیوە و پاشان فەرمانی تەقەکردنی ڕاستەوخۆیان بە هێزە ئەمنییەکان داوە. ئەوەی لە دوای بڕینی پەیوەندییەکان ڕوویداوە، وەک "کۆمەڵکوژییەکی مێژوویی" وەسف دەکرێت کە تێیدا ژمارەیەکی بێشومار لە هاووڵاتیانی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
لەو ژمارە تایبەتەی گۆڤارەکەدا، پێنج لە نووسەرە هەرە دیارەکانی ئێران تێڕوانین و خوێندنەوەی خۆیان بۆ دۆخی ئێستای وڵاتەکەیان نووسیوە. ئەو نووسەرانە باس لەو وڵاتە دەکەن کە ساڵانێکی درێژە ئاواتی بۆ دەخوازن و دەیانەوێت بۆی بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی سەرکوتکارییەکانەوە لێی دابڕاون.
ئەم ڕاپۆرتە مێژووییەی گۆڤاری "تایم" کە وێنەیەکی دیزاینەری بەناوبانگ "ئێدێل ڕۆدریگز" بۆ بەرگەکەی بەکارهاتووە، دەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە و جارێکی تر سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕاکێشاوەتەوە.


وەڵام بدەوه