هەسەدە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست ڕاگەیاند و جەخت لە چارەسەری سیاسی دەکاتەوە
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، پابەندبوونی تەواوی هێزەکانی بە ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕاگەیاند کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق پێکهاتووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان دەسپێشخەری هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن، مەگەر ئەوەی لە داهاتوودا هێزەکانیان ڕووبەڕووی هەر هێرش و دەستدرێژییەک ببنەوە، ئەو کات مافی بەرگری لەخۆگرتنیان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە کراوەین بەرامبەر بە هەموو ڕێگایەکی سیاسی و چارەسەری گفتوگۆ و دیالۆگ.
هەروەها ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ هەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ١٨ی کانوونی دووەم، بەو ئامانجەی خزمەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات."
ئەم هەڵوێستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک ئاماژەیەک بۆ خواستی ئەوان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و دۆزینەوەی ڕێگای ئاشتییانە لە سووریادا دەبینرێت.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦


وەڵام بدەوه