رووسیا لەبارەی دۆخی سووریاوە هاتە دەنگ و دەڵێت: تەنیا چارەسەر بۆ سووریای لەتوپەت، دەسەڵاتێكی ناناوەندییە، حكوومەتی وڵاتەكە لاوازە و توانای نییە دۆخەكە چارەسەر بكات.
دامەزراوەی ستراتیجیی ڕووسیا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئێستەی سووریا و لێكەوتەكانی كردووە و ڕای گەیاندووە: ئیتر سەلما كە ناناوەندیی-لامەركەزییەت تەنیا بژاردە نییە، بەڵكو پێویستییەكی سیاسی و تەناهیی ئابوورییە بۆ هێشتنەوەی سووریا بەئارامی، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان بۆ مۆسكۆ سەلماندووە كە شێوازی دەسەڵاتی ناوەندیی ڕەها، توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتێكی لەتوپەتكراوی وەك سووریای نییە.
دامەزراوەكە داواكارییەكی ئاراستەی حكوومەتی سووریا كردووە و گوتوویەتی، پێویستە بەزوویی ئەم شێوازەی ئێستە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، لە پایتەختەوە دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕی و ئاسایشی فراوان بە هەرێمەكان بدات لە چوارچێوەیەكی یەكگرتووی سەروەریدا، ئەمەش ڕێگە دەدات بەكەمكردنەوەی گرژییەكان و دووبارە بنیاتانەوەی متمانە لە نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە، هەروەها كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر حكوومەتی ناوەندی كە ئێستە لەوپەڕی بێتوانایی خۆیدایە.
لەبارەی دەسەڵاتی ئێستەوە ناوەندەكە ئاماژەی بەوە داوە، ڕژێمی ئێستە، بەردەوامە لە مامەڵەكردن بەسیستمی ناوەندیی ڕەها و هیچ دەرفەتێكی بۆ هاوبەشی نەهێشتووەتەوە، ئەمەش وایكردووە دەرفەتێك نەمێنێتەوە بۆ دروستبوونی متمانە بەپێكهاتەكانی سووریا كە وا هەست بكەن وڵات و حوكمڕانیی هی خۆیانە.
لە ڕوانگەی ڕووسیاوە دۆخەكە نەك درێژمەودا دەبێت، بەڵكو سووریا ئەوەندەی تر بەرەو هەرەس و لەناوچوون دەبات و بە تەواوەتی دادەڕمێت.


وەڵام بدەوه