ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان بەیاننامەیەكی بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە و نەفیر عامی راگەیاند و داوای لە هەموان كرد، پاڵپشتیی لە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بكەن لەو شەڕانەی كە بەرامبەر بە میلیشیاكانی سەر بە حكوومەتی دیمەشق دەیكەن.
لە راگەیاندراوێكدا كە كەمێك لەمەوبەر (یەكشەممە ١٨ی ١ی ٢٠٢٦) دەركراوە، ئیدارەی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا رای گەیاندووە كە میلیشیاكانی سەر بە حكوومەتی كاتی رێككەوتنەكانیان پێشێل كرد و هێرشیان كردە سەر هێزەكانی هەسەدە لە زیاتر لە بەرەیەكەوە، وێڕای هەوڵەكان بۆ چارەسەری ئاشتییانە و نیشاندانی نیەتپاكی، لە نێویشیاندا كشانەوە لە هەندێك ناوچە.
ئەوەش روون كراوەتەوە كە بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە، دەرخەری پێداگریی دیمەشقە لەسەر بژارەی سەربازی و ”هۆشداریی دەدەین كە ئامانج لێی لێدانە لە دۆخی برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا و نانەوەی فیتنە و توندوتیژی و بەئامانجگرتنی پێكهاتە رەسەنەكان و سەپاندنی یەك رەنگ لەسەر حیسابی فرەیی ناوچەكە.“
هەروەك ئەوە دووپات كراوەتەوە كە ئەم دۆخە پێویستیی بەوەیە لە ئاستی میللیدا هەموان پشتی یەك بگرن و لە پاڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بوەستن و رووبەڕووی هێرشەكان ببنەوە.


وەڵام بدەوه