قەتەر هاتە دەنگ، داوایەکی بەپەلە دەکات لە بارەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران. سەرۆکوەزیرانی پێشووتری قەتەر داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بەرەو مێزی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی.
حەمەد بن جاسم بن جەبر، سەرۆکوەزیران و وەزیری پێشووتری دەرەوەی قەتەر، لە پەیامێکی نوێدا هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، هەر کارێکی سەربازی دژی ئێران نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی دۆستەکانی ئەمریکادا نییە، بەڵکوو گورزێکی کوشندەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە.
بن جاسم لە پۆستەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتانی کەنداو، ئەگەر بکرێت خاوەن هەڵوێستێکی یەکگرتوو بن، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر واشنتۆن تاوەکوو دەست بکات بە دانوستانی "جددی و کورتخایەن" لەگەڵ تاران، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو تەنگژە و گرژییەی ئێستا.
ئەو سیاسەتمەدارە دیارەی قەتەر ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی ئێران، دەرئەنجامەکەی پشێوییەکی گەورە دەبێت کە هیچ لایەنێک ناتوانێت پێشبینیی دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، حەمەد بن جاسم نووسیویەتی: "ئێمە لە زۆر خاڵدا لەگەڵ ئێران ناکۆکین، بەڵام دیالۆگ و گفتوگۆ تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو جیاوازییانە."
ئەم لێدوانانەی بن جاسم لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە گرژیی ئەمنیدا تێدەپەڕێت و مەترسییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ زیاتر بوون.


وەڵام بدەوه