بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاژانسی (رۆیتەرزی) ڕاگەیاندووە کە لە ئەنجامی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی شارە جیاوازەکانی ئێراندا، نزیکەی 2000 کەس کوژراون.
ئەو بەرپرسە کە وەک رۆیتەرز دەڵێ، نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات ئاماژەی بەوە کردووە کە "تیرۆریستان" بەرپرسیارن لە کوشتنی هاووڵاتییان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ڕووداوەکاندا و تۆمەتباری کردوون بەوەی کە دۆخەکەیان بۆ مەرامی خۆیان بەکارهێناوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە جیاوازەکان ژمارەی جیاوازیان لەبارەی قوربانییان بڵاو کردووەتەوە. هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بە کوژرانی زیاتر لە 600 کەس کردووە، لە کاتێکدا هەندێک قەبڵاندنی دیکە باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ژمارەکە بگاتە هەزاران کەس، بەڵام هیچ کام لەو ئامارانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان و بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت، پشتڕاستکردنەوەی وردی ئامارەکان کارێکی زۆر قورسە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە لایەنە پێوەندیدارەکان نەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و خێرا ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییان و وردەکاریی ڕووداوە مەیدانییەکان دەستنیشان بکەن.


وەڵام بدەوه