ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی سەبارەت بە بارودۆخی مەیدانی لە دەوروبەری ناوچەکانی "مەسکەنە" و "دێرحافر" بڵاوکردەوە و تێیدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی حکومەتی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕاگەیەندراوەکە:
هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە هیچ جووڵەیەکی سەربازی یان کۆکردنەوەی هێزیان لە دەوروبەری ناوچەکانی مەسکەنە و دێرحافر ئەنجام نەداوە و هەموو ئەو زانیارییانەی لەمبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، بێ بنەمان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو جووڵە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا دەبینرێن، لە بنەڕەتدا پەیوەستن بە فەسیلەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق خۆیانەوە، نەک هێزەکانی هەسەدە.
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە دووەمین جارە وەزارەتی بەرگریی دیمەشق ئەم جۆرە بانگەشە چەواشەکارییانە بڵاودەکاتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و دۆزینەوەی "بیانوو" بۆ پەرەپێدانی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، لایەنەکانی پشت ئەو لێدوانانە بە بەرپرسیاری تەواوی هەر دەرەنجامێک و تێکچوونی بارودۆخەکە دەزانێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە جەختی لەسەر بژاردەی "هێورکردنەوەی دۆخەکە" کردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان مافی ڕەوای خۆیان دەپارێزن بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بە مەبەستی بەرگریکردن لە ناوچەکە و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.


وەڵام بدەوه