ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی "ئاشتیی غەززە" لە شاری شەرم شێخی میسر بەڕێوە چوو، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، و شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، رێککەوتننامەیەکی مێژووییان بۆ ئاشتی لە غەززە واژۆ کرد، ئەمە جگە لە ئامادەیی سەرۆک و نوێنەرى دەیان دەوڵەتی دیکە.
ترەمپ ستایشی رۆڵی عەبدوفەتاح سیسیی لە دانوستانەکاندا کرد و رایگەیاند: "رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو لەگەڵ حەماس." سیسی-یش لە وەڵامدا گوتی: "دڵنیا بووم تۆ تاکەکەسی، کە دەتوانی ئەم جەنگە کۆتایی پێبهێنیت و ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە بەدی بهێنیت."
دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، ترەمپ جەختی کردەوە کە "ئێستا هەمووان دڵشادن" و قۆناغی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەست پێدەکات. سەرۆکی میسریش رایگەیاند: میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، میوانداریی کۆنفرانسێکی تایبەت بە بنیاتنانەوەی غەززە دەکات، ئەمەش پاش ئەوەى ترەمپ پلانێکی 20 خاڵیی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە ڕایگەیاندبوو.
بۆ ماوەى 2 ساڵ بوو شەڕى غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوام بوو، کە بەوهۆیەوە زیاتر لە 68 هەزار کەس کوژراون و دەیان هەزار کەس بریندار و بێسەروشوێن بوون و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کەرتی غەززە کەوت.
وەڵام بدەوه