وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێم بی سی مسر" کە ڕۆژی پێنجشەم بڵاوکرایەوە، ڕای گەیاند، ئیدارە نوێیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، پەیامی ئەرێنیی نیشان داوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هەرێمییەکاندا.
هاکان فیدان ڕوونی کردەوە کە تورکیا پێوەندیی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، لەناویاندا میسر، سعوودیە، ئوردن، عێراق، قەتەڕ و ئیمارات و ڕێککەوتن کراوە لەسەر دیدگایەکی هاوبەش سەبارەت بەوەی چاوەڕوانیی چی لە ئیدارە نوێیەکەی سووریا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە قەیرانی سووریا تەنیا کێشەی تورکیا نییە، بەڵکو بەهۆی سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق، ئوردن و لبنان، پرسێکی هەرێمییە.
زیاتر گوتی، وڵاتانی ناوچەکە کۆبوونەتەوە و داواکارییەکانیان دیاری کردووە و بە ئیدارەی سووریایان ڕاگەیاندووە، کە ئەوانیش تێگەیشتن و گرنگیی خۆیان بۆ پرسە سەرەکییەکانی وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کەمینەکان نیشان داوە، و دووپاتی کردەوە کە هاوکاریی هەرێمی لەم قۆناغەدا بنەڕەتی دەبێت.
باسی لەوەش کرد کە سووریا هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی ڕیشەیی دەبێتەوە کە پێوەندییان بە ژێرخان و دابینکردنی داراییەوە هەیە و ئەنقەرە ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لەپێناو چارەسەرکردنیاندا.
لە هەمان چوارچێوەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پێویستیی پەرەپێدانی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ ئەوەی گشتگیرتر بن، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوپەیمانییە ئابوورییەکان وەک ئامرازی گرنگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
وەڵام بدەوه