هه‌شت هه‌فته دوای كۆتاهاتنی جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گوته‌بێژی پۆلیسی ئێران رای گه‌یاند، 21 هه‌زار كه‌سیان به تۆمه‌تی هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل گرتووه.
ئه‌مه به‌رزترین ژماره‌یه له گیراوان كه له‌وه‌ته‌ی جه‌نگه‌كه‌وه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێران بڵاو كرابێته‌وه، پێشتر گوترابوو ته‌نیا دوو هه‌زار كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
سه‌عید مونته‌زیرومه‌هدی گوته‌بێژی پۆلیسی ئێران، ئه‌مڕۆ سێشه‌م به میدیاكانی گوت له رێگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی پۆلیسه‌وه، حه‌وت هه‌زار و 850 راپۆرتیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پێ دراوه و خه‌ڵك خۆیان پێوه‌ندییان به پۆلیسی 110 گرتووه، ناوی ئه‌و كه‌سانه‌یان داوه كه گومان ده‌كرێت هاوكاریی ئیسرائیلیان كردبێت.
به گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆلیس، دوو هه‌زار و 774 كه‌س له گیراوان ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاتانی بیانییان هه‌یه، به‌ڵام روونی نه‌كرده‌وه چه‌ند كه‌س له‌وانه دادگایی كراون و تۆمه‌ته‌كه‌یان یه‌كلا بووه‌ته‌وه.
مونته‌زیرومه‌هدی ئاماژه‌ی دا كه به‌شێك له گیراوان به‌هۆی پشكنینی مۆبایله‌كانیان بووه، ده‌ركه‌وتووه وێنه‌ی شوێنی هه‌ستیاریان گرتووه و ڤیدیۆیان تۆمار كردووه.
هێشتا وه‌زاره‌تی دادی ئێران له‌باره‌ی ئه‌و لێدوانه‌ی پۆلیسی ئێران، هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بووه، چونكه غولامحوسێن موحسین ئێژه‌یی سه‌رۆكی ده‌زگای دادی ئێران، له ماوه‌ی رابردوودا گوتبووی، له‌وانه‌ی گیراون به‌شێكیان زوو ئازاد كراون و ئه‌وانه‌ی تر هێشتراونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێن و له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه كه‌سانی تر بگیرێن كه له سیخوڕی تێوه‌گلاون.
پێویسته بگوترێ مه‌ترسیی ئه‌وه له ئارادایه ده‌زگای دادی ئێران هاوشێوه‌ی ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی وڵاته‌كه، خه‌ڵكێكی زۆر به بێ دادگاییكردن له سێداره بدات و به بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو، تۆمه‌تی سیخوڕییان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.
وەڵام بدەوه