دەسەڵاتدارانی ئێران دوای دوو مانگ لە پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل، دەستەیەکی فەرماندەیی کاتیی جەنگییان پێکهێنا، ئەمەش وەک ئامادەکاریی تاران بۆ گەڕێکی دیكەی شەڕ لەگەڵ نەیارە مێژووییەکەی.
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەمریکی (ئەلمۆنیتۆر)، ئێران کەمتر لە دوو مانگ دوای جەنگێکی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی پێکهێناوە، بە مەبەستی هەماهەنگیکردنی ستراتیژیی سەربازی و ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر ئاستی هێزە چەکدارەکانی.
ئەم دەستەیە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پەسەند کراوە و بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێرانە، زۆرینەی لە سەرکردە باڵا سەربازییەکان پێکدێت، لەنێویاندا فەرماندەی سوپای پاسداران و سوپای ئاسایی ئێران ناسراو بە ئەرتەش.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، مۆدێلی ئەو ئەنجوومەنە نوێیە، لە ئەنجوومەنە کاتییەکەی جەنگی ئێران - عێراق وەرگیراوە و ئامانج لێی خێراکردنی بڕیاردان و چارەسەرکردنی ئەو خاڵە لاوازانەیە کە لە کاتی پێکدادانەکەی مانگی حوزەیراندا دەرکەوتن، کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل پاترییە مووشەکییەکانیان تێکشکاند و فەرماندە باڵاکانیان کوشت.
لەدرێژەی راپۆرتە ئەمریکییەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئێران دەڵێت ئەنجوومەنەکە بەرگریكارانەیە، بەڵام پێکهاتەکەی دەتوانێت ڕێگە بۆ کردەوەی خێرای تۆڵەسەندنەوە، یان پێشوەختە خۆش بکات.
چاودێران هۆشداری دەدەن، لە تێچووە ئابوورییەکانی ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ ئامادە دەکات.
وەڵام بدەوه